ڤیدیۆ؛ تاتا: سەرسام نەبووم بەوەی مێسی کردی

رووداو دیجیتاڵ

 

تاتا مارتینۆ، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی، هیچ سەرسام نییە بەوەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە یەکەم یاریی خۆیدا لەگەڵ یانەکەی کردی، چونکە وەک خۆی دەڵێت "مێسی وایکردووە هەموو شتێک ئاسایی دەربکەوێت".
 
لیۆنێل مێسی، لە یەکەم یاریی خۆیدا بە درێسی ئینتەرمەیامییەوە بەرامبەر کروز ئازول یاری کرد و لە خولەکی 94 بە لێدانی راستەوخۆ گۆڵی بردنەوەی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد.
 
تاتا مارتینۆ، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، باسی ئاستی مێسی لەو یارییەدا کرد و دووپاتیکردەوە کە ئەوەی مێسی دەیکات جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە لەسەری راهاتووە.
 
تاتا گوتی "سەبارەت بە مێسی، وزەیەک لە یاریگاکەدا هەبوو وایکرد وا دەربکەوێت کە بڕیارە ئەوەی پێویست بوو رووبدات، ئەوەبوو لە دواساتەکانی یارییەکەدا روویدا، هەموومان دەزانین چی روودەدات کاتێک لێدانێکی راستەوخۆت هەبێت لەو بەشەی یاریگەدا و بۆ ئەو تیپە بێت کە مێسی درێسەکەی لەبەردایە".
 
راهێنەر ئەرجەنتینییەکە زیاتر گوتی "چەند مانگێک لەمەوبەر ئەو تاکە یاریزان بوو لە جیهاندا کە نەدەبوو تۆپەکە لە باڵی چەپ وەربگرێت. بەرامبەر مەکسیک، کە لە کۆتاییدا توانی تۆپەکە وەربگرێت و بەو شێوەیە گۆڵ تۆماربکات، لەو ساتەوەختەوە رێڕەوی ئەرجەنتین لە مۆندیالدا گۆڕا، بۆیە ئەوەی روویدا شتێکی ئاساییە، لە ماوەی پانزە ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی رێکوپێک روودەدات". 
 
تاتا زیاتر لەبارەی مێسییەوە گوتی "پێویستە هەموومان تووشی سەرسوڕمان بین، بەڵام ئەو وایکردووە بەدرێژایی چەندین ساڵ ئەوە ئاسایی دەربکەوێت، کە ئێستا بەلامەوە ئاساییە. بەڵام لە راستیدا ئەوە شتێکی ئاسایی نییە". 
 
راهێنەری پێشووی مێسی لە بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، گوتیشی "ئەگەر بڵێین مێسی باشترین یاریزانی جیهانە، ئەوە رێزلێنانێکە وەک هەر یاریزانێکی دیکە،  بەڵام لە راستیدا دەڵێین ئەو باشترینە لە جیهاندا بەبێ وەستان". 
 
تاتا هەروەها گوتیشی "شتێکی دیکەش هەیە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم، هەندێک گوتیان ئەوە بژاردەی مێسی بوو بۆ خێزانەکەی. بەڵام ئەو هاتووەتە ئێرە بۆ ئەوەی رکابەری بکات و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و لە یەکەم یارییدا کە ئەنجامیدا ئەوەی نیشانیدا".