ڤیدیۆ؛ مێسی لە یەکەم یارییدا بە درێسی ئینتەرمەیامییەوە جیهانی سەرسامکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسی، لە یەکەم یاریی خۆیدا لەگەڵ یان نوێیەکەی توانی سەرکردایەتی ئینتەرمەیامی بکات بۆ بردنەوە لە یانەی کروز ئازولی مەکسیکی.
 
ئینتەرمەیامی لە جامی خولەکاندا، کە پاڵەوانێتییەکە بە بەشداری یانەکانی ئەمریکا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، رووبەڕووی کروز ئازولی مەکسیکی بووەوە و 2-1 لێیبردەوە، کە گۆڵی سەرکەوتن لە خولەکی 94 لە لایەن مێسییەوە تۆمارکرا. 
 
مێسی بۆ یەکەمجار بەشێوەی یەدەگ بەشداری کرد، دوای ئەوەی لە گێمی دووەمدا چووە نێو یاریگە و یەکەم دەرکەوتنی خۆی بە درێسی تیپە نوێیەکەی نیشاندا.
 
خولەکێک بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم، رۆبێرت تایلۆر گۆڵی یەکەمی ئینتەرمەیامی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی هاوڕێکانی مێسی تەواو بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا، کە مێسی بەشداری تێدا کرد، ئۆریێل ئانتۆنا لە خولەکی 65 گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانە مەکسیکییەکە تۆمارکرد.
 
لە کاتێکدا یارییەکە بە یەکسانبوون 1-1 بەرەو کۆتایی دەچوو، مێسی لە خولەکی 4ـی کاتی زیادکراودا بە لێدانێکی راستەوخۆ لە دەرەوەی ناوچەی سزاوە گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد و یاریگەی هێنایە جۆش و خرۆش، کە چەندین کەسایەتی و ئەفسانەی وەرزشی لەبەر مێسی ئامادە بووبوون.
 
ئینتەرمەیامی لە یەکەم یاریی خۆیدا یەکەم 3 خاڵی لە پاڵەوانێتییەکەدا بەدەستهێنا و پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرت، کە ئاتالانتا یونایتدیش لەخۆدەگرێت.
 
ئەستێرە تەمەن 36 ساڵەکەی ئەرجەنتین، هاوینی ئەمساڵ بە گواستنەوەیەکی بێ بەرامبەر پەیوەندی بە یانە ئەمریکییەکەوە کرد، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە پاریس سانجێرمان رۆیشت.