لاپۆرتا شکستێکی بارسێلۆنای راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، شکستی هەوڵەکانیان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ جولیس کۆندێی بەرگریکاری فەرەنسیی یانەی سێڤییا راگەیاند و دانی بەوەدا نا، کە یانەی چێڵسی ئینگلیزی براوەی کێبڕکێی گواستنەوەی ئەو یاریزانەیە.
 
هەردوو یانە لە هاوینی ئەمساڵدا کێبڕکێیەکی زۆریان کرد بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە تەمەن 23 ساڵە، کە لە هەفتەی رابردوودا هەردوو یانە دەستەوارەی گرنگیان پێشکەشی  یاریزانە فەرەنسییەکە کردووە.
 
بەڵام کاتێک لەلایەن هاندەرێکەوە لە لاس ڤێگاسەوە پرسیار لە سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە کرا، کە ئایا یانەکە گرێبەست لەگەڵ یاریزانە فەرەنسییەکە دەکات؟ لاپۆرتا لە وەڵامدا گوتی "چێڵسی ئامانجەکەی بەدەستهێنا".
 
کاتێکیش هاندەرێکی دیکەی بارسێلۆنا پرسیاری لێکرد، ئایا یانەکە گرێبەست لەگەڵ کۆندی واژۆدەکات؟ لاپۆرتا جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە "نەخێر، ئەو گرێبەست لەگەڵ چێڵسی دەکات".
 
چێڵسی گرێبەستێکی 55 ملیۆن پاوەندی پێشکێشی یاریزانە فەرەنسییەکە کردووە، ئەویش رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گرێبەستێکی پێنج ساڵانە.
 
یانە زەبەلاحەکەی لالیگا لە دوایین هەوڵیدا بۆ رازیکردنی کۆندێ بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەوە، دەستەوارەیەکی پێشکێسی کۆندێ کرد، بەڵام نوێنەرانی یاریزانەکە بڕیاریاندا کۆندێ بە چێڵسی بفرۆشن.
 
دوای رۆیشتنی هەردوو بەرگریکار، ئەندریاس کریستنسن و ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر لە چێڵسی، تۆماس توخێلی راهێنەری بلووز سووربوو لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانێکی دڵی بەرگری.