ڤیدیۆ: سادیۆ مانێ خەڵاتی باشترین یاریزانی کیشوەری رەشی بە ئەفریقییەکان بەخشی

رووداو دیجیتاڵ

سادیۆ مانێ، ئەستێرە و هێرشبەری هەڵبژاردەی سەنیگال، خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەفریقای 2022ـی بەدەستهێنا و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، کە لە مەغریب بەڕێوەچوو، خەڵاتەکەی پێدرا.
 
سادیۆ مانێ، هێرشبەری پێشووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و ئێستای بایرن میونشنی ئەڵمانی، یانە نوێیەکەی بە هەڵبژاردەیەکی نموونەیی بۆ کاروانی تۆپی پێی وەسفکرد.
 
لە لێدوانێکیدا پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترین یاریزنای ئەفریقا، کە لە شاری رەبات بەڕێوەچوو، سادیۆ گوتی خۆشحاڵە بە دەستپێکردنی وەرزەکە لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکەی، کە رۆژێک پێشتر یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ یانەی بایرن لە ئەنجامدا و لە یارییەکی دۆستانەدا بەرامبەر دی سی یونایتد یەکەم گۆڵی بە درێسی یانە باڤارییەکە تۆمارکرد. 
 
یاریزانە تەمەن 30 ساڵەکە دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنلیگدا لەگەڵ لیڤەرپوول بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دۆڕان، ریزەکانی ئەو یانەیەی بەجێهێشت و تاوەک مانگی حوزەیرانی 2025 گرێبەستی لەگەڵ یانەی بایرن میونشن واژۆکرد، کە نرخی گرێبەستەکەش دەگاتە 41 ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە 42 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار.
 
مانێ تازە ئەو وەرزەی تەواو کردووە، کە بێگومان باشترین وەرزە لە ژیانی وەرزشیدا، سەرکردایەتی هەڵبژاردەی سەنیگالی کرد بۆ بردنەوەی یەکەم جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردەی میسری بردەوە و مانێ دوایین لێدانی بردنەوەی نازناوەکەی بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرد.
 
سادیۆ هەر لەو وەرزەدا سەرکردایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد بۆ سەرکەوتن بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هەروەها لەگەڵ لیڤەرپوول رۆڵی سەرەکی گێڕا لە پێشکێشکردنی وەرزێکی نایاب، کە نزیک بوو لە بەدەستهێنانی چوار نازناوی گەورە، بەڵام یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی بە ریال مەدریدی ئیسپانی دۆڕاند و بە جیاوازی تەنیا خاڵێک نازناوی پرێمەلیگی بۆ بەرژەوەندی مانچێستەر سیتیی رکابەرەکەی لەدەستدا.
 
سادیۆ مانێ، دوای بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزنای ئەفریقا بۆ ساڵی 2022، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا و لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی گوت "پێموایە ساڵێکی ناوازە بوو، من و هاوڕێکانم جامی نەتەوەکانی ئەفریقامان بردەوە، بە هیچ شێوەیەک ئاسان نەبوو و هەموو شتێکمان پێکەوە ئەنجام دەدا".
 
سادیۆ مانێ، کە دووەمجارە خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەفریقا دەباتەوە، گوتیشی "ئەم خەڵاتەم پێشکێشە بە هەموو ئەفریقییەکان".
 
مانێ هەروەها لەبارەی رۆیشتنیشی لە لیڤەرپوولەوە بۆ بایرن میونشن، گوتی "یانەکەم گۆڕی، بایرن کاتێکی خۆشە و یانەیەکی تەواو و بێ کەموکوڕییە بۆ من، زۆر خۆشحاڵم بە دەستپێکردنی وەرزی نوێ".
 
هەر لەو رێوڕەسمەدا، هەڵبژاردەی سەنیگالیش بە باشترین هەڵبژاردەی کیشوەری رەش لە 2022 دەستنیشانکرا و ئەلیۆ سیسێی راهێنەری ئەو هەڵبژاردەیەش خەڵاتی باشترین راهێنەری کیشوەرەکەی پێدرا، کە لەو بارەیەوە ئەو راهێنەرە بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەمە خەڵاتێکە بۆ هەموو راهێنەر و یاریدەدەرانم، خەڵاتێکی تاکەکەسییە، بەڵام لە راستیدا دانپێدانانێکی بەکۆمەڵە. راهێنەران هەرگیز تەنیا نین، ستافێک لە دەوروبەریان هەیە".