بەپەلە؛ مەسعود ئۆزێل وازی لە یارییکردنی نێودەوڵەتی هێنا


رووداو - هەولێر

بەشێوەیەکی فەرمی مەسعود ئۆزێل، یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا وازی لە یارییکردنی نێودەوڵەتی هێنا.

دوای ئەو هێرشانەی بەهۆی وێنەگرتن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆکی تورکیا لە یاریزانەکە گیران و رەخنەی زۆری لێگیرا، یاریزانەکە بەشێوەیەکی فەرمی بڕیارییدا واز لە یارییکردن بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بهێنێت.

دوای بڕیارەکە ئۆزێل رایگەیاندووە، بڕیارمداوە جارێکی دیکە درێسی ئەڵمانیا نەپووشم، من زۆر هەست بەشانازیی دەکەم لەگەڵ هەڵبژاردەکە یارییمکردووە و لەپێناو درێسی هەڵبژاردەکەدا هەموو توانایەکم خستووەتە کار، بەڵام بەراستی هیچ رێزم لێنەگیرا و زۆر دژایەتی کرام.

ئۆزێل لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاندووە، ئەوە بڕیارێکی زۆر قورس بوو بۆ من، بەڵام ناچاربووم ئەو بڕیارە بدەم، هیچ کەموکورییەک لە ستافی راهێنەرانی هەڵبژاردەکەش نەبووە و ئەوان کەسانی زۆر باشن بۆ ئەڵمانیا.

مەسعود ئۆزێل زیاتر دەڵێت، ئەوەی نیگەرانی کردووە هەڵسوکەوتی بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا بووە، بەهۆی ئەوەی کە ئەویان بە پروپاگەندەکردن بۆ سیاسەت تومەتبار کردووە و رێزی ئەویان نەگرتووە بۆیەش دەڵێت ئەوە جێگەی قبوڵکردن نییە و ئەوە بووەتە هۆکاری ئەوەی بڕیاریی وازهێنان بدات.

ئۆزێل لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا 92 یاریی ئەنجامداوە، 23 گۆڵی کردووە و 33 گۆڵیشی دروستکردووە و جامێکی جیهانیشی لەگەڵ هەڵبژاردەکە بردووەتەوە.