6 یاریزان پایە سەرەکییەکانی پڕۆژەی هانزی فلیکن لە بارسێلۆنا

رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، کە نزیکە لە یانەی بارسێلۆنا، ناوی ئەو یاریزانانەی ئاشکراکرد کە بە پایەی سەرەکی پڕۆژەی هانزی فلیکی ئەڵمانی، راهێنەری نوێی یانەی بارسێلۆنا لە وەرزی داهاتوودا دادەنرێن.
 
یانەی بارسێلۆنا گرێبەستی لەگەڵ هانزی فلیک کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی تیپەکە، دوای ئەوەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەر لە کۆتایی وەرزی رابردوودا دوورخرایەوە.
 
رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاندووە "بارسێلۆنا ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر پلاندانان بۆ وەرزی داهاتوو دەکات، بەو پێیەی دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە لە نزیکەوە هاوکاری راهێنەری نوێ، هانزی فلیک دەکات، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ زۆر لە کێشەکان کە دەبێت چارەسەر بکرێن، وەک گرێبەستی نوێ، بەڕێکردنی یاریزان و ئەو یاریزانانەی بەخواستن یاری بۆ بارسێلۆنا دەکەن یان بەخواستن لە بارسێلۆنا رۆیشتوون".
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، یانەکە گوێ لە زۆربەی دەستەوارەکان دەگرێت کە بۆ یاریزانانی تیپەکە پێشکێش دەکرێن، بەڵام کۆمەڵە یاریزانێکی هەڵبژێردراو هەن کە یانە کەتەلۆنییەکە بە هێڵی سوور و پایەی سەرەکی تیپەکەیان دەزانێت، لەبەرئەوەی هانزی فلیکی راهێنەر بە بنەمای پڕۆژەکەی دەیانزانێت.
 
لە راپۆرتەکەی سپۆرتدا ئاماژە بەوەشکراوە کە 6 یاریزان هەن کە یانەکە گوێ لە هیچ دەستەوارەیەک و دانوستاندنێک و هەوڵێکی هیچ یانەیەیەک ناگرێت سەبارەت بە دەستبەرداربوون لەو یاریزانانە.
 
ئەو شەش یاریزانە بریتین لە، مارک ئاندرێ تیرشتیگن، پاو کۆبارسی، گاڤی، پێدری، فێرمین لۆپێز و لامین یامال. هەموو یاریزانەکانی دیکە قابلی فرۆشتنن ئەگەر دەستەوارەی گونجاویان بۆ بێت.
 
رۆژنامەکە لە درێژەی راپۆرتەکەیدا، دەڵێت "لە گۆڵپارێزدا گومانی تێدا نییە کە شتیگن بژاردەی یەکەمە بەبێ مشتومڕ، بەو پێیەی یەکێکە لە پێشەنگەکانی تیپەکە و یەکێکە لە یاریزانە کاریگەرەکانی ناو یاریگا و دەرەوەی یاریگا. ئەزموونەکەی وایلێدەکات ببێتە پایەیەکی سەرەکی پێکهاتەکەی فلیک، کە لە دوو وەرزی رابردوودا ئاستێکی نایابی پێشکێش کردووە، بۆیە یانەکەش بیر لەوە ناکاتەوە بەدوای جێگرەوەیەکدا بگەڕێت".
 
لە هێڵی بەرگریدا، یەکێک لە شتە ئەرێنییەکان و سەرسوڕهێنەرەکانی ئەم وەرزە دەرکەوتنی پاو کۆبارسی بوو. بەرگریکارە گەنجەکە پێگەیەکی سەرەکی جێگیری لە دڵی بەرگریدا مسۆگەرکردووە، چونکە لەگەڵ ئاراوخۆ دووانەیەکی بەهێزی پێکهێناوە، و ئاستەکەی لە نیوەی دووەمی وەرزەکەدا سەرسوڕهێنەر بوو.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هێڵی ناوەڕاستدا سێ ناو هەن، گاڤی، پێدری و فێرمین، کە یەکەمیان بەهۆی پێکانێکی سەختی ئەژنۆیەوە زۆربەی وەرزەکە بەشداری نەکردووە، بەڵام یاریزانێکی سەرەکی تیپەکەیە.
 
سەبارەت بە پێدری، ئەو یەکێکە لە یاریزانە هەرە خۆشەویستەکانی تیپەکە، بەمەرجێک پێکانە زۆرەکانی کێشەی بۆ دروست نەکەن. متمانەکردن بە فێرمینیش یەکێک بوو لە بڕیارە دروستەکان و بەشێک بوو لە میراتی چاڤی، دوای ئەوەی ئەو دەرفەتەی پێبەخشی دوای ئەوەی ساڵێک بەخواستن لە لینارێس یاری کرد، و ئاستەکەی ئەوەندە سەرنجڕاکێش بوو کە بووە دووەم گۆڵکاری تیپەکە، و بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا کرا بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆی 2024.
 
ئەو راپۆرتەی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، باس لەوەش دەکات کە لە هێرشبردندا لامین یامال یەکێک بووە لە باشترین یاریزانەکانی ئەم وەرزە، نەک تەنیا لە بارسێلۆنا، بەڵکو لە هەموو خولی تۆپی پێی ئیسپانیادا. هەروەها بژاردەیەکی گرنگە بۆ یانەکە لە ئێستا و لە داهاتوودا.
 
دەستەی بەڕێوەبردنی خولی ئیسپانیا، خشتەی یارییەکانی وەرزی نوێی 2024 - 2025ـی راگەیاند، کە لە 18ـی ئابی داهاتوودا دەستپێدەکات و لە 25ـی ئایاری 2025 کۆتاییدێت.
 
بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بەرامبەر رکابەرە بەهێزەکەی کە ڤالێنسیایە دەست بە وەرزەکەی دەکات. ریال مەدریدیش لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا وەرزەکەی بەرامبەر ریال مایۆرکا دەستپێدەکات.