گەورەیەکی ئەورووپا داوای گولەر دەکات و ریال مەدرید بڕیاری کۆتایی دەدات

رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، نزیک لە یانەی ریال مەدرید، ئاشکرایکردووە کە یانەی ریال مەدرید هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو دەستەوارانە یەکلاییکردووەتەوە کە بۆ ئاردا گولەر، ئەستێرەی تیپەکە هاتوون، کە یاریزانەکە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیا لە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024ـدا ئاستێکی نایاب پێشکێش دەکات.
 
گولەر بووە پێنجەم گەنجترین یاریزان کە بەگشتی گۆڵێک لە یۆرۆدا تۆماربکات، دوای ئەوەی لە کاتی سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەیدا بەرامبەر جۆرجیا بە ئەنجامی 3-1 گۆڵێکی تۆمارکرد.
 
گولەر سەرکەوتوو بوو لە شکاندنی ژمارەی پێوانەیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هەروەها بووە بچووکترین یاریزان کە تاوەکو ئێستا گۆڵێک تۆماربکات لە یەکەم یارییدا لە پاڵەوانێتی یۆرۆدا.
 
لەم دواییانەدا سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لەوە کردبوو کە ئارن سلۆتی راهێنەری یانەی لیڤەرپوول ئارەزووی گواستنەوەی ئەو یاریزانەی ریال مەدرید دەکات و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەو یاریزانە ئیسپانییە لەگەڵ ریال مەدرید، سلۆت گەشبینە بەوەی گرێبەستەکە بەئەنجام بگات.
 
گولەر لە یانەی فێنارباخچەی تورکیاوە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد، بەڵام خولەکی پێویستی دەستنەکەوت بۆ ئەوەی لەگەڵ تیپەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی بەشدارییەکی باش لە وەرزی رابردوودا بکات.
 
مارکا لە راپۆرتێکیدا، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاندووە "چەند یانەیەک پرسیاریان لە ئەگەری دەستبەرداربوونی ریال مەدرید لە گولەریان کردووە، وەک ریال سۆسیداد و لیڤەرپوول و ئەوانی دیکە، بەڵام وەڵامی یانەکە روون بوو "ئاردا گولەر لە ریال مەدرید دەمێنێتەوە، گومانی تێدا نییە".
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە، هەروەها نووسیویەتی "بەرپرسانی ریال مەدرید و کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەریش، بەدوای هیچ رێگەیەکدا ناگەڕێن بۆ دەستبەرداربوون لە ئاردا گولەر، سەرەڕای سەختی رکابەریی نێوان یاریزانان لەسەر پێکهاتەی سەرەکی لە وەرزی داهاتوودا".
 
راپۆرتەکەی مارکا ئەوەشی خستووەتەڕوو "یانەکە و یاریزانەکە دەیانەوێت بەردەوام بن لە گەشەکردن بەیەکەوە لەم پرۆژەیەدا، بەتایبەتی لەگەڵ بەهرەمەندێکی وەک ئاردا، کە ریال مەدرید دەزانێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەستەوارەکانی یانە جیاوازەکان دووبارە دەبنەوە و زیاتریش دەبن ئەگەر ئەویش بەردەوام بێت لە پێشکێشکردنی ئەو ئاستەی لە یەکەم یاریی پاڵەوانێتی یۆرۆدا لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیادا نیشانیدا".
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە "یانەکە دڵنیایە کە گولەر یاریزانێکی جیاواز دەبێت و ناکرێت بەهۆی بڕیارێکی خراپەوە دەستبەرداری بێت، کە بەخواستن بداتە یانەیەکی دیکە، چونکە ئەوانەی رۆژانە راهێنانەکانی دەبینن دەزانن لە ژووری جلگۆڕیندا چییان هەیە و ئەو توانایەی لە یاریگەدا دەتوانێت بیکات چەندە".