یاریزانێک بەهۆی مێسییەوە رووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

لایەنە پەیوەندیدارەکان، لێکۆڵینەوە دەکەن لەبارەی ئەنجامدانی کاری رەگەزپەرستی دژی یاریزانێکی هەڵبژاردەی کەنەدا بەهۆی لیۆنێل مێسییەوە.
 
یەکێتیی تۆپی پێی کەنەدا، رایگەیاند کە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ فیدراسیۆنە کیشوەرییەکانی یارییە بەناوبانگەکە، دوای ئەوەی یەکێک لە یاریزانەکانی بەشێوەی ئۆنلاین رووبەڕووی قسە و دروشمی رەگەزپەرستانە بووەوە، دوای دۆڕانی کەنەدا بە ئەنجامی 2-0 بە ئەرجەنتین، لە یەکەم یاریی کۆپا ئەمریکادا.
 
یەکێتیی تۆپی پێی کەنەدا، ناسنامەی ئەو یاریزانەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام مۆیس بۆمبیتۆی بەرگریکاری ناوەڕاست، دوای ئەوەی لە یارییەکەدا تووندوتیژی بەرامبەر لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بەکارهێنا و لە پاژنەی پێیدا تووشی ئازاربوو، لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە سووکایەتییەکی رەگەزپەرستانەی زۆری پێکرا.
 
ئەو یەکێتییە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، رایگەیاندووە "یەکێتیی تۆپی پێی کەنەدا ئاگادارە و زۆر نیگەرانە بەو لێدوانە رەگەزپەرستانەی کە لە رێگەی ئۆنلاینەوە بڵاوکراونەتەوە و ئاراستەی یاریزانێکی هەڵبژاردەی کەنەدا کراون دوای یارییەکەی ئەرجەنتینی و کەنەدا".
 
هەروەها تێیدا هاتووە "ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ کۆنکاکاف و کۆنمێبۆڵ سەبارەت بەم بابەتە".
 
مۆیس بۆمبیتۆ، دوای یارییەکە لە سۆشیال میدیادا نووسیویەتی "وڵاتە جوانەکەم کەنەدا" و ئیمۆجییەکی دڵی بۆ زیادکردووە.
 
کۆنکاکاف رایگەیاندووە، بەدوای ئەو ئەکاونتانەدا دەگەڕێن کە ئەو سووکایەتییەیان بڵاوکردووەتەوە.
 
کۆنکاکاف لە بڵاوکراوەیەکدا، نووسیویەتی "ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تۆپی پێی کەنەدا هاوبەشین لە سەرکۆنەکردنی ئەو خراپ بەکارهێنانەی کە ئاراستەی مۆیس بۆمبیتۆ دەکرێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە. هیچ شوێنێک بۆ رەگەزپەرستی لە وەرزشەکەمان و کۆمەڵگاکەماندا نییە".
 
کۆنمێبۆڵیش بەهەمانشێوە لە بڵاوکراوەیەکدا پشتگیریی خۆی بۆ ئەو یاریزانە کەنەدییە دەربڕی، هەروەها پشتگیریی لە هەنگاوەکانی کۆنکاکاف کرد و رایگەیاند کە رێوشوێن بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە بڕیاری لادان لە یاساکانی پێکەوەژیان دەدەن.
 
هەفتەی رابردوو فیفا رایگەیاند کە پلانێکی داناوە و بۆ پاراستنی یاریزانان لە رەگەزپەرستی نێو سۆشیال میدیا، و ئامرازی پێویست بەو ئەرکە بۆ سەرجەم یەکێتییەکانی تۆپی پێی سەر بە فیفا بەردەست دەنم، کە 211 ئەندامن.