فەرمی.. دیماریا یوڤێنتوسی بەجێهێشت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی بەشێوەیەکی فەرمی، رۆیشتنی ئانخێل دیماریا، ئەستێرەی ئەرجەنتینیی لە یانەکەی راگەیاند.
 
یوڤێنتوس لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا لەسەر ماڵپەرەکەی نووسیوویەتی "دوای یەک وەرز رێگەکانی ئانخێل دیماریا و یوڤێنتوس لە یەکدی جیادەبنەوە."
 
دیماریا لە مانگی 7ـی ساڵی 2022 پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی یوڤێنتوسەوە کرد، دوای ئەوەی یانەی پاریس سانجێرمانی بەجێهێشت، بەمەش خولێکی دیکەی لە کاروانی یارییکردنیدا تاقیکردەوە کە سێریا ئەیە.
 
ئانخێل لە یوڤێنتوس 40 یاریی ئەنجامدا 8 گۆڵی بەدرێسی یانەکەوە تۆمارکرد، ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یانەکە پێشکێشکردووە، کە ئەوەش رۆڵی هەبوو لە دەرکەوتنی یاریزانەکە بەشێوەیەکی زۆرباش لە یارییەکانی مۆندیالدا بۆ هاوکاریکردنی ئەرجەنتین بۆ بردنەوەی نازناوەکە.
 
یوڤێنتوس لە بەشێکی راگەیێنراوەکەیدا نووسیوویەتی "لەنێوان گرنگترین جۆڵە سەرنجڕاکێشەکانیدا گۆڵی یەکەمیی بەدرێسی یانەکەوە هەیە کە بەرامبەر ساسۆلۆ تۆماریکرد و بووە هۆکاری دڵخۆشییەکی زۆری هاندەرانی یاریگەی ئالیانز، دوای ئەوەش لە مۆندیالی قەتەر بەئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و لە یۆرۆپالیگیشدا بەرامبەر نانت هاتریکی تۆمارکرد، کە یەکەم گۆڵی بەرامبەر ئەو یانەیە لە یۆرۆپالیگدا لە باشترینەکانی ئەم وەرزە بوو و لە بەرامبەر فرایبۆرگیش گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا یوڤێنتوس سوپاسی ئەستێرە ئەرجەنتییەکە دەکات و هیوای بەختێکی باشی بۆ دەخوازێت.
 
ئانخێل دیماریا تەمەنی 35 ساڵە، یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی کە یاریزانەکە لەو یانەیە دەرکەوتووە، ماوەی چەند هەفتەیەکە لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی یاریزانەکە جارێکی دیکە بەدرێسی سووری یانەکەوە یاریی بکاتەوە و چاوەڕواندەکرێت دیماریا وێستگەی داهاتووی بگەڕێنێتەوە خولی پۆرتوگال.