یاریزانی نوێی بارسا باشتر بناسە

رووداو دیجیتاڵ

 

ئیلکای گوندۆگان، ئەو یاریزانەی بۆ دوو ساڵی داهاتوو درێسی یانەی بارسێلۆنا لەبەردەکات، کاروانێکی جوانی وەرزشیی هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی و دەیەوێت لەگەڵ بارسێلۆنا جوانتری بکات.
 
گوندۆگان، کە تەمەنی 33 ساڵە، هەموو دەستەوارەکانی، بە دەستەوارەی مانچێستەر سیتیی پاڵەوانی ئەوروپاشەوە رەتکردەوە لەپێناو پۆشینی درێسی بارسێلۆنا.
 
لەدایکبووی 24ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 1990ـە، لە شاری گێلسنکیرشن لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و بەڕەچەڵەک تورکە، بەڵام لەنێوان هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و تورکیادا، بڕیاریدا یاری بۆ هەڵبژاردەی مانشافت بکات.
 
درێژیی باڵای 1 مەتر 80 سانتیمەترە، هاوسەرگیری لەگەڵ سارا عەرفاوی تونسی کردووە.
 
لە ژیانی تۆپی پێیدا یاری بۆ یانەکانی بۆخوم، نۆرنبێرگ، بۆرووسیا دۆرتموند و مانچێستەر سیتی کردووە.
 
لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا لەگەڵ یانەکان، لە 557 یارییدا 40 هەزار و 510 خولەک یاریکردووە و 110 گۆڵی تۆمارکردووە و 66 ئاسیستیشی هەیە.
 
لە ژیانی تۆپی پێیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لە 67 یارییدا 4330 خولەک یاری کردووە. 17 گۆڵی تۆمارکردووە و 7 گۆڵی دروستکردووە.
 
ئەوەی لە هەموو سەیرتر و سەرنجڕاکێشتر، گوندۆگان لە ژیانیدا کارتی سووری وەرنەگرتووە.