سوپرایزێکی گەورە لە مێسییەوە بۆ ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، کە بەم دواییە رایگەیاند پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکییەوە دەکات، ئامۆژگاری هاوڕێی پێشووی لە پاریس سانجێرمان، کیلیان ئێمباپێی کردووە سەبارەت بە داهاتووی.
 
ماوەی گرێبەستەکەی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2024 کۆتایی دێت و ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ وەرزێکی دیکە هەیە، بەڵام کیلیان راشکاوانە بە کارگێڕیی یانەی پاریسی راگەیاندووە کە نایەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، واتا لانیکەم ئێمباپێ لە هاوینی داهاتوودا دەتوانێت لە پاریس بڕوات.

 

بەگوێرەی تۆڕی دیفێنس سێنتڕاڵ، مێسی سەرەتا ئامۆژگاری ئێمباپێی کردووە کە بچێتە بارسێلۆنا، پێش ئەوەی دواتر داوای لێبکات بە زووترین کات بچێتە ریال مەدرید.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کردووە کە مێسی بە ئێمباپێی گوتووە "من پێم باشە بچیتە بارسێلۆنا، بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچیتە ریال مەدرید، بڕۆ، چونکە تۆ شایەنی پڕۆژەیەکی راستەقینە و گەورەی، تۆ شایەنی ئەوەی براوە بی".
 
تۆڕی دیفێنس سێنتڕاڵ،  ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمانە دواقسەی مێسی بوون بۆ کیلیان ئێمباپێ پێش ئەوەی لە باخچەی شازادەکان بڕوات.
 
روونیشیکردووەتەوە، کاتێک فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، بەم قسانەی مێسی زانیوە سەری سوڕماوە، پێی سەیر بووە مێسی ئامۆژگاری ئێمباپێ بکات، بۆ ئەوەی دەستبەجێ بچێتە ریزەکانی مێرینگێ.