ڤیدیۆ؛ هاندەران ئاگریان هەڵدایە نێو یاریگە و شەڕ روویدا

22-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
خولی بەرازیل
خولی بەرازیل
نیشانەکردن خولی بەرازیل یانەی سانتۆس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە خولی تۆپی پێی بەرازیل رووداوێکی چاوەڕواننەکراو روویدا، کاتێک هاندەرانی یانەی سانتۆس لە دژی یانەکەیان وەستانەوە و یاریی ئاگرینیان هەڵدایە نێو یاریگە.
 
هاندەرانی سانتۆس لە ئاست و ئەنجامەکانی یانەکەیان ناڕازین و تووڕەن لەو بارودۆخەی یانەکەیان پێیدا تێدەپەڕێت، بۆیە لە یاریی بەرامبەر یانەی کۆرێنچیانز لە گەڕی 11ـی خولی بەرازیلدا لە دژی یانەکەیان وەستانەوە و یاریی ئاگرینیان هەڵدایە نێو یاریگە.
 
لە یارییەکەدا کۆرێنچیانزی میوان بە 2-0 لە پێش سانتۆسەوە بوو، لە خولەکی 89 رووداوەکە روویدا و تووڕەیی هاندەرانی سانتۆس هەموو سنوورێکی تێپەڕاند، ئەوانیش بەو شێوەیە ناڕەزایەتییان بەرامبەر یاریزانەکانی سانتۆس پێشاندا، بەمەش ناوبژیوان یارییەکەی تەواوکرد.
 
لە کاتی هەڵدانی یارییە ئاگرینەکان بۆ نێو یاریگە، یاریزانانی سانتۆس لەنێو یاریگەدا ماون و لە ناوەڕاستی یاریگەدا کۆبوونەتەوە و سەیری رووداوەکە دەکەن، دوای ئەوش بە هاوکاریی پۆلیس توانیان بگەڕێنەوە ژووری جلگۆڕینی یانەکەیان.
 
دوای ئەم رووداوەش داواکاریی گشتی دادگای وەرزشیی بەرازیل داوایکردووە، یاریی داهاتووی سانتۆس بەرامبەر فلامینگۆ بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداوێکی نەخوازراو بکرێت.
سانتۆس لە دوای 11 یاریی ئەم وەرزەی خولی بەرازیل، تەنیا 3 یاریی بردووەتەوە، ئێستا بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەش لە دەرەوەی یاریگە ناڕەزایەتییەکانی هاندەرانی سانتۆس بەردەوامبوون، شەڕ لەنێوان هاندەران و پۆلیس روویدا و زیان بە چەندین شوێنی جیاواز شاری ساوپاوڵۆی بەرازیل گەیێنراوە.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە