بازاڕی گواستنەوە.. کریستیانۆ دوو دڵە و لیڤاندۆڤسکیش بە 90 خولەک رازی نەبوو

22-06-2022
سه‌فین ته‌ها @safintaha
بازاڕی گواستنەوە
بازاڕی گواستنەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕگەی هەواڵەکانی بازاڕی گواستنەوە، بڕگەیەکی نوێی دێسکی وەرزشیی رووداوەوە کە گرنگیی بە هەواڵ و پێشهاتەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دەدات، رۆژانە لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە لە کاژێر 16:30 پێشکێشدەکرێت.
 
 
کریستیانۆ دوو دڵە 
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی هەواڵێکی نوێی لەبارەی داهاتووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت " کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەست بە دوو دڵی دەکات، لەوەی مانچێستەر یونایتد نەتوانێت هەنگاوی ئەرێنی بنێت لە گواستنەوەی هاوینەدا و تیپێکی رکابەری نەبێت بۆ وەرزی داهاتوو، رۆناڵدۆش نایەوێت دوایین وەرزەکانی یارییکردنی بەبێ بردنەوەی نازناو بەڕێبکات."
 
رۆژنامەکە دەڵێت " داهاتووی رۆناڵدۆ لە مانچێستەر یونایتد بەندە بەوەی یانەکە لە دوو مانگی داهاتوودا چی دەکات."
 
 
90 خولەک کۆبوونەوە
 
لیڤاندۆڤسکی هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی 90 خولەکیی لەگەڵ حەسەن ساڵح حەمیدزیچ، بەڕێوەبەری وەرزشیی بایرن و پینی زاهاڤی بەڕێوەبەری کارەکانی کردووە، جارێکی دیکە داوای رۆیشتنی لە یانەکە کردووە.
 
بارسێلۆنا دەیەوێت گۆڕانکاری بکات، دەستبەرداری ساموێل ئومتیتی ببێت، چ بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی یانیش رۆیشتن بە خواستن.
 
مان سیتی داوای 100 ملیۆن یۆرۆ دەکات، بۆ دەستبەرداربوون لە بێرناردۆ سیلڤا.
 
بەهۆی پڕۆژەی وەرزشی و بارودۆخی ئابوورییەوە بارسێلۆنا دەیەوێت دییۆنگ بفرۆشێت.
 
ریکی پوچ لەلایەن ڤالێنسیا، سێلتا ڤیگۆ و خیتافییەوە داوا دەکرێت.
 
 
ستێرلینگ دەمێنێتەوە
 
یانەی مانچێستەر سیتی بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستی رەحیم ستێرلینگ دەکاتەوە، یاریزانەکەش هێشتا بڕیاری خۆی نەداوە، بەڵام یاریزانە دەزانێت چوونە دەرەوە لە پرێمەرلیگ دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی و ناتوانێت لە خولێکی دیکەدا ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکێشبکات، بۆیە یاریزانەکە بەلایەوە باشترە بچێتە چێڵسی وەک لە ریال مەدرید.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت " دەکرێت دوای گواستنەوەی چوامینی دەکرێت ستێرلینگ بۆمبێکی دیکەی ریال مەدرید بێت لەم هاوینەدا."

 

 
مانێ بووە فەرمی 
 
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بەفەرمی گواستنەوەی سادیۆ مانێ، هێرشبەری سەنیگالی و یانەی لیڤەرپوولی بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
هێرشبەرە 30 ساڵەکە گرێبەستێکی لەگەڵ پاڵەوانی ژمارە پێوانەییەکانی ئەڵمانیا واژۆکرد و گرێبەستەکەی تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2025 دەبێت."
 
هێربێرت هاینەر، سەرۆکی یانەی بایرن میونشن دەڵێت " سادیۆ مانێ ئەستێرەیەکی جیهانییە، سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر خولی ئەڵمانیا، ئەو یەکێکە لەو یاریزانانەی کە هاندەران دەهێننە یاریگەکانی تۆپی پێی لە ئەڵمانیا.
 
گرێبەستی سادیۆ مانێ بۆ سێ ساڵ دەبێت و بەرامبەر 41 ملیۆن یۆرۆیە، بڕیاربوو سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گرێبەستەکەی رابگەیێندرێت، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەکی بچووکەوە راگەیاندنی گرێبەستەکە دواکەوت، 70 رۆژنامەڤانی جیهان لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا ئامادەدەبن بۆ ئەوەی رووماڵی گواستنەوەی یاریزانەکەی لیڤەرپوول بۆ بایرن میونشن بکەن.
 
 
ئاسۆ بۆ سالمیە 
 
ئاسۆ رۆستەم هێرشبەر و گۆڵکاری یانەی نەورۆز دەچێتە خولی کوێت و پەیوەندی بە یانەی سالمیەی ئەو وڵاتەوە دەکات.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی یانەی سالمیەوە راستی هەواڵەکە دووپاتدەکاتەوە و رۆژی هەینی گرێبەستی یاریزانەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ واژۆدەکرێت و ئاسۆ یەکەم ئەزموونی پیشەگەریی لە خولی کوێت تاقیدەکاتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو یانەی نەورۆز رێگری لە رۆیشتنی گۆڵکارەکەی ناکات و ستایشی ئەو ئاستەی دەکات کە لەم وەرزەدا یاریزانەکە لەگەڵ یانەکە پێشکێشیکردووە.
 
ئاسۆ رۆستەم، باشترین هێرشبەری ئەم وەرزەی نێوخۆی عێراقە لە خولی عێراق و بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ دووەم گۆڵکاری خولی عێراقە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە