5 هەواڵ.. بەزمی سەڵاح و مەلەوانە درۆزنەکە

22-06-2022
سه‌فین ته‌ها @safintaha
5 هەواڵی ئەمڕۆ
5 هەواڵی ئەمڕۆ
A+ A-
رووداو - دیجیتاڵ
 
بڕگەی پێنج هەواڵ، یەکێکە لە بڕگە نوێیەکانی دێسکی وەرزشی رووداو کە رۆژانە لە کاژێر 16:25 لەنێو پانۆرامای وەرزشیدا پێشکێشدەکرێت، رێبوار محەممەد بە سەرنج و تەنزەوە پێنج گرنگترین هەواڵی سۆفتی ماوەی 24 کاژێری رابردوودا بۆ دەخاتەڕوو.
 
هەواڵەکانی نێو پێنج هەواڵ زۆرینەیان هەواڵی تایبەتی ژیانی یاریزانان و کەسایەتییە وەرزشییەکانە، ئەو رووداوانە باس دەکەین کە بە ئاسانی ناگەنە دەست وەرگران.
 
 
محەممەد سەڵاح تەلەفۆنەکەی داخستووە
 
کریستیان گرووس، راهێنەرێکی سویسرییە و پێشتر راهێنەری یانەی ئەهلی سعودی بووە، قسەی لەسەر چارەنووس و دۆخی محەمەد سەڵاح یاریزانی لیڤەرپوول کردووە، لە تەلەڤزیۆنێکی میسریدا. گرووس دەڵێ سەڵاح یاریزانێکی مەزن و هاوکات کەلەرەقە، کەس نازانێ بیر لە چیدەکاتەوە، لە پڕ دەیقەومێنێت. سەڵاح تائێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول نوێنەکردووەتەوە، گرووسیش کە لێیان پرسیوە بەپێی شارەزایی تۆ سەڵاح چی لێدێت؟ دەڵی بەخوا من نازانم، ئەو زۆر کەلەرەقە، کوڕێکی زۆر باشیشە، ئێوە باوەڕدەکەن لە چەند رۆژی رابردوودا کۆمپانیایەکی دروستکردنی کاتژمێری سویسری پەیوەندییان پێوەکردم وتیان بە سەڵاح بڵێ دەمانەوێ رێکلامێکمان بۆ بکات بزانە چەندی دەوێ؟ منیش تەلەفۆنم بۆ کرد، کەچی ژمارەکەی داخستووە.. لێرەوە تکا دەکەم و دەلێم.. حەمەگیان ئەگەر دەمبینیت، تەلەفۆنەکەت بکەرەوە، ئیشم پێتە.
 
 
 
مەلەوانە درۆزنەکە لە تونسە
 
کاتی خۆی بەمنداڵی چیرۆکێکمان دەبیست کە مەلەوانێکی درۆزن بۆئەوەی سەرنجی خەڵک بۆخۆی رابکێشێت لە گوندێکدا چەند جارێک دەچووە ناو گۆماوی نزیک گووندەکە و دەستیدەکرد بەهاوار هاوار و دەیوت فریام کەون، وەختە بخنکێم.. ئەمەی بەدرۆوە دەکرد و کاتێک خەڵک دەگەیشتنەسەری، ئەو دەستیدەکرد بەپێکەنین و دەیگوت درۆم لەگەڵ کرد، تا رۆژگار هات و سەرئەنجام مەلەوانەکە ئەمجارەیان بەڕاستی قاچی لە گۆماوەکەدا گیربوو و کەس بەدەم هاوار هاوارەکەیەوە نەچوو تا رۆحی دەرچوو.. ئەم بابەتە لە توونس بەڕاستی روویداوە بەڵام بەشێوەیەکی تر. نەجیب بلهادی مەلەوانێکی تونسییە و تەمەنی 69 ساڵە، لەو رۆژانەی پێشوودا وتوویەتی لە کەناری بانتلیریاوە لە ئیتاڵیا تا کەناراوی حەمامات لە تونس کە 155 کیلۆمەترە بەمەلە هاتووم. لەوەش زیاتر وتوویەتی ماوەکەم بە 60 کاژێر بڕی و تەنیا ئەوکاتانە پشوومدەدا کە پێویست بوو دەرمان بخۆم. ئەم کابرایە بەحساب ئیتر وەك پاڵەوان موقابەلەی کراوە لە تەلەڤزیۆن، بەڵام زۆر کەس پەیدابوون باوەڕ بەچیرۆکەکەی ناکەن، یەکێک لەوانە ئوسامە مەلولیی پاڵەوانی ئۆڵمپیی مەلەوانیی تونسییە، دەڵێ ئەوەی بلهادی خۆی پێوە بادەدات، گەورەترین درۆیە لە مێژووی وەرزشی تونسدا، عەیبە حکومەت باوەڕ بەو درۆیانە دەکات و پێمان دەفرۆشێتەوە.. دیارە ئەمە ڤێرژنی نوێی چیرۆکی مەلەوانە درۆزنەکەیە و لە تونس بڵاوبووەتەوە.
 
 
 
مۆو لە نامیبیا پارە دەبەخشێتەوە
 
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری رۆما، بەم هاوین و گەرما تاقەتپڕوکێنە رووی لە ئەفریقیا کردووە، چووەتە وڵاتی نامیبیا. بەم کارە میدیای ئیتاڵیاشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و نووسیوویانە، پیاوە تایبەتەکە، هەر خەریکی کاری تایبەتە. مۆرینیۆ لە نامیبیا وێنەی زۆری بڵاوبووەتەوە، سەردانی هەندێک شوێنی تایبەتی کردووە کە ئاژەڵ و رووەکی تایبەتی لێیە. چووەتە هەنێک نەخۆشخانە و قوتابخانە و ئەو شتانە، بینیویەتی وەزعەکە زۆر شڕە، بەیاریدەدەرەکانی وتووە، ئادەی هەنێ پارە وەرنە دەرەوە با بیدەین بەو خەڵکە رەشوڕووتە، دەستیکردووە بەکاری خێرخوازی و سەفرە و سیاحەت و ئەو شتانەی لەبیر چووەتەوە، ئێستا مۆ لە شوێنێکەوە دەچێتە شوێنێکی تر و لەگەڵ منداڵاندا ناندەخوات و دڵخۆشیان دەکات.
 
 

 

پیکێ قووچاندی
 
پێم مەڵێن هەموو رۆژ هەر باسی پیکێ دەکەیت.. بەدەست من نییە، کەتنەکانی ئەم کابرایە وایکردووە هەموو دونیا بەشوێنیا بگەڕێن.. بەرنامەی سوشلیت کە لە تەلەڤزیۆنێکی ئیسپانییەوە پەخشدەکرێ، ئاشكرایکردووە پیکێ لە ئیسپانیا نەماوە و تێیتەقاندووە بۆ سوێد و لەوێ لە حەفلەیەکی کۆمپانیای سپۆتیفایدا بەشداریکردووە کە سپۆنسەری نوێی بارسێلۆنایە.. خانمێکی سوێدیی بەناوبانگ بەناوی کاسرین زیتۆمیرسک وتوویەتی پیکێم لە ئاهەنگەکە بینی، لەوێ هەوڵیدەدا خۆی بشارێتەوە، بلووزێکی رەشی بەکڵاوی لەبەرکردبوو، خانمێکیشی لەگەڵدابوو، زۆر لە ئاهەنگەکە نەمایەوە و هەرزوو تێیتەقاند و رۆیشت. کێشەکەی پیکێ لە دوای جیابوونەوە لە شاکیرا زۆر گەورەیە، بەڵام خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا دەڵێ وامەزانن پیکێ پیاوێکی بێشعوورە، ئەو دۆخی خراپە و وازی لێبهێنن با کە هاتەوە بۆ یاریکردن کەڵکی ئەوەی پێوەمابێت، یاری بکات..
 

 

 
ئاگاتان لە قەتەر بێت
 
رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی، هەر لە ئێستاوە دەستیکردووە بەترساندن و چاوترسێنکردنی هاندەرانی ئینگلتەرا لە مۆندیالی قەتەر. رۆژنامەکە دەڵێ بۆ ئەو هاندەرانەی کە دەیانەوێ بچنە مۆندیالی قەتەر، نەچن وەک مۆندیالەکانی دیکە حەیامان ببەن و هەرچیتان ویست و بەمێشکدا هات، خۆتانی لێنەگێڕنەوە.. نەچن مەشرووب بخۆنەوە و بێخەم خۆتان سەرخۆش بکەن لە کاتی مۆندیالدا، چونکە قەتەر وەک شوێنەکانی تر نییە، بیانی و میانی و گەشتیار و مەشتیار نازانێت.. دەتانخاتە سجنەوە... رۆژنامەکە دەڵێ ئاگاداربن، نەچن هەر کچێکتان بینی و بکەونە چاوباشقاڵی لەگەڵی، چونکە سێکسکردن بەبێ هاوسەرگیری لە قەتەر سزاکەی حەوت ساڵی رێکوپێک سجنکردنە.. ئەوەی لە شوێنی گشتیدا و بەئاشکرا کهول بخواتەوە، یەکسەر پەلی دەگرن و فڕێیدەدەنە سجنەوە، خۆ ئەگەر یەکێک زۆر پێی لێ رابکێشێت و هۆشبەری پێبێت، دەبێ فاتیحا بۆخۆی بخوێنێت و وەسیەت بکات، چونکە بەپێی یاسای قەتەر، یەکسەر ملی دەکەن بەپەتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە