سێ یاریزانی یانەی ئارسیناڵ دووچاری کۆرۆنا بوون

22-06-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئارسیناڵ، یاریزان، کۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر 

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، سێ یاریزانی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، هەفتەیەک بەر لە رووبەڕووبوونەوەی یانەی مانچێستەر سیتی، دووچاری کۆرۆنا بوون.

لە یارییەکی دواخراوی خولی پرێمەرلیگدا، هەفتەی پێشوو ئارسیناڵ رووبەڕووی مانچێستەر سیتی بووەوە و یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاند.

سەرچاوەکان دەڵێن هەفتەیەک بەر لە یارییەکەی نێوان هەردوو یانە، سێ یاریزانی ئارسیناڵ دووچاری کۆرۆنا بوون، هەر بەو هۆیەشەوە لە یارییەکەدا بەشدارییان نەکردووە.

پێشتر مایکڵ ئارتێتای راهێنەری یانەکە یەکێک بوو لەو کەسانەی دووچاری نەخۆشییەکە بوو و دواتر چاکبووەوە.

 

سەرچاوەکان دەڵێن ئەو یاریزانانە خراونەتە کەرەنتینەی ناچاری لە ماڵەوە، ئەمەش بەپێی بڕیارەکانی حکوومەت بۆ خۆ پاراستن لە تووشبوون بەکۆرۆنا. هەرچەندە پشکنینی ئەو یاریزانانە پۆزەتیڤ بووە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە متمانەی بە پشکنینەکان نەبووە و تووشبوونی یاریزانەکانی رانەگەیاندووە.

هۆکاری شاردنەوەی تووشبوونی یاریزانەکانی یانەکە بە کۆرۆنا، بەبڕوای بەرپرسانی یانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نموونەی پشکنینی یەکێک لە یاریزانەکان کە دواتر دوو یاریزانی دیکەی هاوڕێی لێیەوە تووشی نەخۆشییەکە بوونەتەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پشکنینی دووەمی ئەو یاریزانانە نێگەتیڤ بووە.

بەپێی پرۆتۆکۆلی پزیشکیی بۆ دەستپێکردنەوەی یارییەکانی پرێمەرلیگ، دەبوو لەبەرئەوەی ئەو یاریزانانە لەماڵەوە کەرەنتینکراون، لەلایەن لیژنەی پزیشکیی پرێمەرلیگەوە پشکنینیان بۆ بکرێت و ئەنجامەکانی رابگەیەنرێت.

هێشتا دیار نییە تووشبوونی ئەو یاریزانانە چۆنە و دەستەی گشتیی پرێمەرلیگ چۆن مامەڵە لەگەڵ رووداوەکە و بێدەنگیی ئارسیناڵدا دەکات لە تووشبوونی یاریزانەکانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە