راهێنەری ریال سۆسیداد: لە ناوبژیوان توڕەنیم

رووداو - هەولێر

مانوێل ئەلگوسێلی راهێنەری یانەی ریال سۆسیداد، دڵتەنگی خۆی بەدۆڕانی یانەکەی بەرامبەر ریال مەدرید 2-1 لە خولی ئیسپانیا راگەیاند. دۆڕانێک کە توانای تیپەکەی لە بەدەستهێنانی کورسییەک لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای وەرزی داهاتوو، کەمدەکاتەوە.

ئەلگواسێل لە دوای یارییەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی من باس لە ئاستی ناوبژیوان ناکەم، چونکە ئەوانە هەڵوێست و بڕیاری قورسن، لە بڕیارەکانی ناوبژیوان توڕەنیم، لەبەرئەوەی من دەبێت بیر لە ئاستی تیپەکەم بکەمەوە، هەروەها بیر لەوە بکەمەوە لە یارییەکانی داهاتوودا چیبکەین و چۆن شێوازی خۆمان بەدەست بهێنینەوە.

راهێنەری تیمە باسکییەکە رەتیکردەوە هاوتای راهێنەری ریال مەدرید بیر بکاتەوە، کە گوتبووی ریال مەدرید شایستەی بردنەوەی یارییەکە بوو. ئەو دەڵێ: هەرچۆنێک بێت ئێمە شایستەی دۆڕان نەبووین.

راهێنەری ریال سۆسیداد زیاتر دەڵێ: یاریزانەکانمان دڵتەنگن بەدۆڕانەکەمان، ئێمە شایستەی ئەو ئەنجامە نەبووین، بەو ئاستەی پێشکەشمانکرد، بردنەوەمان بەدەستدەهێنا، هیچ گومانم نییە لەوە و هیوادارم لە گەڕی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەست بهێنینەوە.

راهێنەرە تەمەن 48 ساڵییەکە دانیبەوەدانا کە لەدوای نزیکەی سێ مانگ راوەستانی ناچاری بەهۆی کۆرۆناوە، ئاستی تیپەکەی دابەزیوە.

لە دوای دەستپێکردنەوەی لالیگاوە، ریال سۆسیداد لەو سێ یارییەدا کە ئەنجامیداوە، دوو دۆڕان و یەکسانبوونێکی بەدەستهێناوە و تیمەکە لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی لالیگادایە بە 47 خاڵ.