هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تەقەی تێکەوت

رووداو - هەولێر

لە دوای دۆڕانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەرامبەر بە کرواتیا بە 3 گۆڵی بێبەرامبەر، یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و راهێنەرەکەیان جۆرێک لە نیگەرانی و ناکۆکییان بەرامبەر یەکتری پێشاندا.

دوێنێ شەو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە دووەم یاری خۆیدا لە مۆندیالی 2018ی رووسیا بە 3 گۆڵی بێبەرامبەر بە هەڵبژاردەی کرواتیا دۆڕا و ئەوە دووەم یارییە ئەرجەنتین ناتوانێ سەرکەوتنی تێدا بەدەست بهێنێت پاش ئەوەی لە یاری یەکەمدا لەگەڵ ئایسلەندا یەکسانبوو 1 – 1.

لە دوای یارییەکە راهێنەر و یاریزانانی ئەرجەنتین رووبەڕووی رەخنەی زۆری میدیاکانی جیهان بوونەوە و خۆرخی سامپاولی راهێنەری هەڵبژاردەکە رەخنەی لە یاریزانەکانی گرت بەوەی لە یارییەکەدا تۆپیان نەگەیاندووەتە مێسی.
سێرجیۆ ئاگوێرۆی هێرشبەری هەڵبژاردەکە وەڵامی لێدوانەکانی سامپاولی دایەوە و گوتی لێگەڕێن سامپاولی چیدەڵێت با بیڵێت.

رۆژنامەکان ئەم وەڵامەی ئاگوێرۆ بە وەڵام و دژایەتییەکی ئاشکرای ئاگوێرۆ بەرامبەر راهێنەری هەڵبژاردەکە ناودەبەن و پێیانوایە بۆ یاری داهاتووی ئەرجەنتین بەرامبەر نایجیریا کێشەی زۆر روودەدەن.

لەبارەی ئەگەری سەرکەوتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە بۆ قۆناخی داهاتوو، ئاگوێرۆ دەڵێ وێڕای بوونی ئومێد، بەڵام من هەست بە توڕەیی و دڵتەنگی دەکەم، هەڵوێستەکەمان ئەوەیە کە دەبێ چاومان لە دەستی خەڵکی دیکە بێت، چاوەڕێین بزانین سبەی چی روودەدات و پاشان خۆمان بەرامبەر نایجیریا چیدەکەین.

ئاگوێرۆ خاوەنی تاکە گۆڵی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینە لە مۆندیالی ئەمساڵدا کە لە هەڵبژاردەی ئایسلەندای تۆمارکرد.