ڤیدیۆ؛ بابۆ دەیەوێت بەبردنەوە لە زاخۆ کاروانەکەی لەگەڵ هەولێر دەستپێبکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ماوەیەکی درێژ، چاوەڕوانییەکی زۆر، کەسێک لەسەر کورسی راهێنەرایەتیی یانەی هەولێر دادەنیشێت، کەس نییە بەدڵی نەبێت و هەمووان یەک بۆچوونیان هەیە و دەڵێن "تەنیا ئەو دەتوانێت چارەی دۆخی خراپی یانەکە بکات،" ئەو کەسە  سەمیر بابۆ، راهێنەری بەنێوبانگی کوردستانە.
 
بابۆ کەمتر لە 48 کاژێر بەر لە یارییەکی گرنگ، یارییەک کە دێربیی کوردستانە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، وەکو راهێنەری هەولێر راگەیێنرا، پێدانی ئەو ئەرکە بابۆ، خەمی خراپی ئەنجامەکانی یانەکەی تاوەکو رادەیەکی زۆر لەبیر هاندەرانی درێس زەردەکان بردەوە.
 
یەکەم مەشقی هەولێر لەژێر سەرپەرشتی سەمیر بابۆ، لە دهۆک ئەنجامدرا، ئەوە دوایین ئامادەکاریی یانەی هەولێرە بۆ یاریی ئەمشەویان بەرامبەر یانەی زاخۆ.
 
هەولێر لە دۆخێکی خراپدایە، ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین، لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدایە بۆ مانەوە لە خولەکەدا، گواردیۆلاکەی کوردستان دەیەوێت لە ئاست چاوەڕوانیی هاندەراندا بێت و تیپێک بۆ هەولێرییەکان بونیادبنێت، بۆ هەمووان جێگەی شانازی بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەزانێت هەنگاوی یەکەمی لە یاریگەیەک دەبێت دەرچوون لێی ئاسان نییە، بەتایبەت کە زاخۆ لە دوای سێ یەکسانبوونی لەسەریەک دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگە راستەکە، رێگەی بردنەوە.
 
یانەی زاخۆ، دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە لە یاریگەی خۆی ئەنجامدا، یانەکە لە قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە هەولێری بردووەتەوە و دەیەوێت لە یاریگەی خۆیدا ئەو سیناریۆیە دووبارەبکاتەوە و بەبردنەوە لە میوانەکەی ناڕەزایەتیی هاندەرانی بەرامبەر یەکسانبوونەکانی بڕەوێنێتەوە.
 
تەڵاڵ بلووشی قەتەری، بەرامبەر راهێنەرێک یاریی دەکات، کە پێشتر تاقی نەکراوەتەوە، بەرامبەر تیپێک یاری دەکات بە ئاڵنگاریی زۆردا تێپەڕیووە و دەیەوێت زاخۆ بکاتە دەرگەی گەڕانەوە.

 
یانەی زاخۆ لە 31ـی12ـی 2023ـەوە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، دەیەوێت درێژە بەو ئەنجامە باشانەی بدات، بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە دوورنەکەوێتەوە.
 
بۆ هاندەرانی زاخۆ، ئەگەری یاریی نەکردنی ئەمجەد رازی هەواڵێکی ناخۆشە، بەڵام ئەو یاریزانە لە دوایین مەشقەکانی تیپەکەدا بەشداربووە و دەیەوێت سەرکردایەتیی تیپەکەی دەلال بکات، بۆ تێپەڕاندنی قەڵای زەرد.
 
بابۆ دەتوانێت کۆتایی بە ئەنجامە باشەکانی زاخۆ بهێنێت و هەنگاوی یەکەمی بە سەرکەوتوویی بنێت، یان زاخۆ دوای سێ یەکسانبوون هەولێر بە دۆڕانەوە دەگەڕێنێتەوە، یاریگە قەشەنگەکەی زاخۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە و زۆری دیکە دەداتەوە.