ڤیدیۆ؛ پێرێز داواکارییەکی ئیمانوێل ماکرۆن رەتدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید داواکارییەکی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی کیلیان ئێمباپێ رەتدەکاتەوە.
 
رۆژی سێشەممە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید چووە کۆشکی ئێلیزێ، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و گفتوگۆکردن لەبارەی رێگەدان بە کیلیان ئێمباپێ بۆ بەشداریکردن لە ئۆڵیمپیاددا.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "لەو کۆبوونەوەیەدا ماکرۆن رووبەڕوو لەگەڵ پێرێز دانیشتووە و داوایلێکردووە رێگە بە ئێمباپێ بدەن بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکات، بەڵام پێرێز رای خۆی نەگۆڕیووە و نایەوێت ئەو یاریزانە بەشداری لەو بۆنە وەرزشییە گەورەیەدا بکات."
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ئێمباپێ بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا ناکات و یاریزانەکە لە مانگی هەشت پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە دەکات بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی نوێ.'
 
ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، لەمەودوا دەبێت مامەڵە لەگەڵ ریال مەدرید بکەن بۆ ئەوەی ئێمباپێ بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکات.
 
کیلیان ئێمباپێ، رۆژی شەممە دوایین یاریی خۆی بەدرێسی یانەی پاریس سانجێرمانەوە ئەنجامدەدات و کاروانەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە کۆتاییدێت، یاریزانەکە بەتەواوی لە پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدەوە نزیکبووەتەوە و پێشتر لەوبارەیەوە گوتبووی "لەکاتێکی گونجاودا بڕیاری خۆم لەبارەی یانەی داهاتوومەوە ئاشکرا دەکەم."
 
ئۆڵیمپیادی 2024 لە رۆژی 26ـی7 دەستپێدەکات و تاوەکو 11ـی8 بەردەوام دەبێت و لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن ریال مەدرید رێگە بە ئێمباپێ بدات بەشداری بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا پێرێز رازی نییە.