ڤیدیۆ؛ دۆرتموند هەنگاوێکی ماوە بۆ کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆریەتی بایرن میونشن

رووداو هەولێر 

یانەی بۆرووسیا دۆرتموند هەنگاوێکی گەورەی بۆ بردنەوەی نازناوی خولی ئەڵمانیا هاویشت، دوای ئەوەی لە یانەی ئۆگسبۆرگی بردنەوەی.
 
یارییەکە لە یاریگەی ئیمۆڵس ستادیۆمی تایبەت بە یانەی ئۆگسبۆرگ بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی یانەی دۆرتموند بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەکەی بردنەوە. 
 
لە گێمی یەکەمدا یانەی میواندار خۆڕاگرانە بەرگری کرد، بەڵام لە نیوەی دووەمدا سێباستیان هالەر لە خولەکی 58ـدا گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، لە خولەکی 84ـیشدا هەمان یاریزان گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد، ئینجا لە دوایین خولەکدا یولیان برانت توانی سێ خاڵەکە بە تۆمارکردنی گۆڵی سێیەم جێگیر بکات. 
 
بەم ئەنجام یانەی بۆرووسیا دۆرتموند گەڕایەوە پێشەنگی خولی یانەکانی ئەڵمانیا بە کۆکردنەوەی 70 خاڵ، یاریی داهاتووی بەرامبەر بە یانەی ماینزە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، ئەگەر بیباتەوە، بە فەرمی دەبێتە پاڵەوانی بوندێسلیگا دوای 10 ساڵ لە باڵادەستیی بایرن میونشن.