ڤیدیۆ؛ کەی رەوایە هەموو یاریگە هاواربکات مەیموون؟

22-05-2023
ئیحسان تاهیر
ڤیدیۆ؛ کەی رەوایە هەموو یاریگە هاواربکات مەیموون
ڤیدیۆ؛ کەی رەوایە هەموو یاریگە هاواربکات مەیموون
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، زۆر بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە رەگەزپەرستییە دەکات، کە لە لایەن هاندەرانی یانەی ڤالێنسیاوە کرایە سەر ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی. ئەو دەشڵێت "کەی رەوایە؟ ڤینیسیۆس کاتێک کارتی سووری وەرگرت هەموو یاریگاکە هاواریان دەکرد مەیموون، مەیموون، مەیموون".
 
لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید، کە لەسەر یاریگای مێستایا بەرێوەچوو، تووندوتیژی لە نێوان یاریزانانی هەردوو تیپەکەدا دروستبوو، کە بە دەرکردنی ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی یانەی شاهانە بە کارتی سوور کۆتاییهات.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، قسەی لەبارەی رووداوەکە کرد و پشتگیریی خۆی بۆ یاریزانەکەی دووپاتکردەوە.
 
کارلیتۆ گوتی "لە کاتی یارییەکەدا قسەم لەگەڵ کرد، چونکە کەشی یاریگە زۆر گەرم بوو، زۆر خراپ بوو، پرسیارم لێکرد کە ئایا دەتەوێت بەردەوام بی لە یاریکردن، ئەو پێیوایە بەهۆی ژینگەی رەگەزپەرستییەوە پێویستە بیبەمە دەرەوە، پێموانییە ئەوە شتێکی باش بێت". 
 
ئەو زیاتر گوتی "دەکرێت یاریزانێک دانیشێنم ئەگەر ئاستی باش نەبێت، بەڵام لەبەر رەگەزپەرستی یاریزان دەرناهێنم، ئەوە پێشتر بەسەرمدا نەهاتووە، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا چەندینجار روویداوە، بەڵام هەرگیز زیاتر لەمە  قبوڵ ناکرێت، لالیگا خاوەنی کێشەیە، نەک ڤینیسیۆس. ڤینیسیۆس قوربانییەکەیە. کێشەکە زۆر جدییە".
 
راهێنەری ئیتاڵیی یانە ئیسپانییەکە، هەروەها گوتی "کاتێک کارتی سووری وەرگرت هەموو یاریگاکە هاواریان دەکرد مەیموون، مەیموون، مەیموون. ئەوەندە دڵتەنگم کە پێشتر ئەمە بەسەرمدا نەهاتووە، وەک ئەوەی ئەمە رووینەدا بێت. ڤینیسیوس گەنجێکە حەزی لە تۆپی پێیە و دەیویست بەردەوام بێت".
 
راهێنەری یانەی شاهانە، لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتیشی "رۆژی چوارشەممە هاندەرەکانمان ناتوانن ڤینیسیۆس ببینن بەهۆی کارتە سوورەکەوە، ڤار هەڵەیەکی لەخۆیەوە بۆ ڤینیسیۆس داهێنا، یاریزانی ڤالێنسیا ملی گرتبوو و ڤینیسیۆس ویستی خۆی لەدەستی ئازاد بکات و دواتر کارتی سووری وەرگرت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە