فیفا پشتیوانیی خۆی بۆ ڤینیسیۆس دووپات دەکاتەوە

22-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فیفا ڤینیسیۆس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا هاوسۆزی و پشتگیریی فیفای بۆ ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی راگەیاند.
 
ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڤینیسیۆس لە یارییەکەی ریال مەدرید و ڤالێنسیادا لە خولی ئیسپانیا، دروشمی رەگەزپەرستانەی لە دژی بەکارهێنرا.
 
ڤینیسیۆس لەلایەن هاندەرانی ڤالێنسیا هێرشێکی رەگەزپەرستانەی کرایە سەر و هەندێک شتیان بەسەردا فڕێدا، ئەمەش وایکرد یارییەکە بۆ چەند خولەکێک بوەستێت دوای دەمەقاڵێی نێوان یاریزانانی هەردوولا.
 
لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەڤانیدا، ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا رایگەیاند، ئێمە هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ ڤینیسیۆس رادەگەینین، هیچ شوێنێک بۆ رەگەزپەرستی لە تۆپی پێ یان لە کۆمەڵگادا نییە، فیفاش پاڵپشتی هەموو ئەو یاریزانانە دەکات کە رووبەڕووی ئەم بارودۆخانە دەبنەوە.
 
سەرۆکی فیفا باسی ئەو 3 هەنگاوەی کرد کە لە کاتی روودانی کاری رەگەزپەرستی لەو پاڵەوانێتیانەدا دەگرنەبەر کە سەر بە فیفان.
 
ئاماژەی بەوەشکرد "سەرەتا دەبێت یارییەکە بوەستێنرێت، هەنگاوی دووەم، یاریزانەکان یاریگاکە بەجێدەهێڵن و بێژەری یاریگەکە رایدەگەیەنێت کە ئەگەر دروشمە رەگەزپەرستییەکان بەردەوام بن، یارییەکە رادەگیرێت. یارییەکە دەستپێدەکاتەوە، پاشان لە لە هەنگاوی سێیەمدا، ئەگەر هێرشە رەگەزپەرستییەکان بەردەوام بن، یارییەکە هەڵدەوەشێتەوە و تیپی بەرامبەر 3 خاڵ بەدەست دەهێنێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە