ڤیدیۆ؛ سەرۆکی بەرازیل بەرگری لە ڤینیسیۆس دەکات

رووداو دیجیتاڵ

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل، لەسەر ئەو رەگەزپەرستییەی لەنێو یاریگەی مێستایا لە ڤالێنسیا بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیورۆی یاریزانی بەرازیلیی یانەی ریال مەدرید کرا، هاتە دەنگ و رایگەیاند "چیدی قبوڵ ناکەن". گوتیشی ""نزیکدەبینەوە لە نیوەی سەدەی 21 کەچی رەگەزپەرستی لە ئەوروپا پەرەدەسێنێت".
 
لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید، کە لەسەر یاریگای مێستایا بەرێوەچوو، تووندوتیژی لە نێوان یاریزانانی هەردوو تیپەکەدا دروستبوو، کە بە دەرکردنی ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی یانەی شاهانە بە کارتی سوور کۆتاییهات.
 
سەرۆکی بەرازیل، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، پێیباش بوو سەرەتای قسەکانی بە پیشاندانی پشتگیریی خۆی بۆ ڤینیسیۆس نیشان بدات و گوتی "پێمخۆشە قسەکردنم بە دەربڕینی هاوسۆزی خۆم لەگەڵ یاریزانێکی بەرازیلی دەستپێبکەم، گەنجێکی رەشپێست، کە یاری بۆ ریال مەدرید دەکات، دوێنێ یەکشەممە، لە یاریگای ڤالێنسیا هێرشی کرایە سەر، هێرشێکی تووندی کرایە سەر، پێیان دەگوت مەیموون". 
 
لولا دا سیلڤا، زیاتر گوتی "ئەوە قبوڵکراو نییە، نزیک لە ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکدا رەگەزپەرستی لە زۆر لە یاریگاکانی تۆپی پێی ئەوروپادا پەرەی سەندووە".
 
ئەو پتر باسی ڤینی کرد و گوتی "دادپەروەرانە نییە کوڕێک کە لە هەژارییەوە هاتبێت، توانیویەتی لە ژیاندا سەرکەوتوو بێت، ببێتە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، بە دڵنیاییەوە باشترینە لە ریال مەدرید، لە هەموو یاریگایەکدا کە یاری تێدا دەکات، سووکایەتی پێ بکرێت".
 
دا سیلڤای سەرۆکی بەرازیل، هەروەها گوتی "پێموایە دەبێت و زۆر گرنگە فیفا و لالیگا و خولەکانی وڵاتانی دیکە تووندترین رێوشوێن بگرنەبەر، چونکە ناتوانین رێگە بدەین فاشیزم و رەگەزپەرستی ببنە بەشێک لە ژیان لە یاریگای تۆپی پێدا".