نەیمار و تیاگۆ سیلڤا وەڵامی تەلەفۆنی ناسر خلێفی نادەنەوە

22-05-2020
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

 

ئیدارەی یانەی پاریس سانجێرمان بەردەوامە لە دروستکردنی گوشار لەسەر یاریزانانی یانەکەی، بۆ ئەوەی رازییان بکات، تاوەکو مووچەی یاریزانەکان کەمبکرێنەوە، بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەسەردەمی کۆرۆنادا، کە یانەکە زیانێکی ئابووری زۆر دەکات. 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی فەرەنسا ئاشکرایانکرد: "ناسر خلێفی خاوەنی یانەی پاریس سانجێرمان دوای ئەوەی تەلەفۆنی بۆ دیارترین یاریزانی یانەکە کردووە کەسیان وەڵامیان نەداوەتەوە، بەتایبەت تەلەفۆنی بۆ نەیمار و تیاگۆ سیلڤای کاپتنی یانەکە کردووە، بەڵام هەردووکیان مۆبایلەکانیان داخستووە و وەڵامی خاوەنی یانەکەیان نەداوەتەوە، ئەمەش ناسر خلێفی پەست و توڕە کردووە".

هەروەها رۆژنامەکە باس لەوە دەکات: "کاتێک ئەستێرەکان وەڵامی خلێفییان نەداوەتەوە، زۆر توڕەبووە، تیاگۆ سیلڤای کاپنتی یانەکەش پاریسی بەرەو بەرازیل بەجێهێشتووە، لەبەر ئەوەی رەتیکردووەتەوە، کە مووچەی خۆی و یاریزانانی هاوکاری کەمبکرێتەوە، چونکە سەرجەم یاریزانەکان سوورن لەسەر ئەوەی مووچەکانیان کەمنەکرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا مووچەی مانگانەی تیاگۆ 1 ملیۆن یۆرۆیە و لە هاوینی داهاتوودا، ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت".

رۆژنامەکە هۆکاری هاوکارینەکردنی تیاگۆ سیلڤای بۆ ئەوە گەڕانەوە کە ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە، بەڵام بەرپرسانی یانەکە هیچ هەڵوێستێکیان دەربارەی داهاتووی بەرگریکارە بەرازیلییەکە نەبووە، ئێستاش هاتوون رازیکردنی تیاگۆ سیلڤایان بۆ کەمکردنەوەی مووچەی سەرجەم یاریزانەکانیان کردووە بە مەرج بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی تیاگۆ، بۆیە ئەویش بەو داواکارییە رازی نەبووە".

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە یاریزانانی پاریس سانجێرمان بەرێژەی 84٪ی مووچەکانیان وەردەگرن، بەڵام یانە فەرەنسییەکە بە کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانەکان بە رێژەی 16٪ بە کەم دەزانێت، بۆ کەمکردنەوەی رادەی زیانە ئابوورییەکانی یانەکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵوەشاندنەوەی خولی فەرەنسی لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە".

هەروەها رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە: "ئەگەر بێت و یاریزانان هاوکاری ئیدارەی یانە پاریسییەکە نەکەن، رادەی زیانە ئابوورییەکانی پاریس سانجێرمان لە سەروو 200 ملیۆن یۆرۆوە دەبێت".


بەر لە 3 هەفتە خولی لیگ وەنی فەرەنسی هەڵوەشایەوە و یانەی پاریس سانجێرمان وەکو پاڵەوانی ئەم وەرزە دەستنیشانکرا، ئەمە لەکاتێکدا یاریزانەکانی پاریاس ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ یاریگاکان تاوەکو ئەوکاتە دڵنیا دەبن چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەچێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە