رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر سیتی دەیەوێت پارێزگاریکردنی لە هیواکانی بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ بکات، کاتێک ئەمشەو لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر یانەی ئاستۆن ڤیلا یاری دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 34ـی پرێمەرلیگ، لە یاریگەی ئیتیحاد، لە یارییەکی بەهێز و لووتکەدا یانەی مانچێستەر سیتی میوانداریی یانەی ئاستۆن ڤیلا دەکات، سیتی دوای بردنەوەی یاریی رابردووی لە ئێڤێرتۆن چاوی لە تۆمارکردنی بردنەوەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی زیاتر لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو نزیکببێتەوە.
ئێرلینگ هالاند، ناتان ئاکێ، جۆن ستۆنز و رۆدری بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکەی گواردیۆلا نایەوێت خاڵەکانی ئەم یارییە لەدەستبدات.
ئاستۆن ڤیلا لەم وەرزەدا تیپێکی سەرنجڕاکێش و بەهێزە، لەگەڵ ئونای ئێمری بەردەوام گەشە دەکات و ئەنجامەکانی باشن، یانەکە دوایین 5 یاریی لە پرێمەرلیگدا بردووەتەوە و دەیەوێت بەرامبەر مانچێستەر سیتی بە هەمان ئاست و ئەنجامەوە دەربکەوێت.
یارییەکە کاژێر 22:00 لە یاریگەی ئیتیحاد بەڕێوەدەچێت، بەر لەم یارییە مانچێستەر سیتی بە 58 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندە، ئاستۆن ڤیلا 57 خاڵی هەیە و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە.
مانچێستەر سیتی و پێپ گواردیۆلا، لەبەردەم ئاڵنگارییەکی ئاڵۆزدان و گەیشتنیان بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و پرسیاری زۆری لەسەرە، بەتایبەت کە یانەکانی سێیەم تاوەکو حەوتەم جیاوازیان تەنیا سێ خاڵە و رکابەرییەکی بەهێز لەنێوانیاندا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ