رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەیەکی پێشووی ریال مەدرید، کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە دەیەوێت لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا بیگەڕێنێتەوە پێکهاتەی مێرینگێ، رەتیدەکاتەوە بگەڕێتەوە تاوەکو کارلۆ ئەنچێلۆتی نەڕوات.
سەرەڕای بردنەوەیەکی سەرنجڕاکێش بەسەر ئاتلێتیک بیلباودا، داهاتووی ئەنچێلۆتی هێشتا جێی مشتومڕی بەرفراوانە، هەرچەندە پێشتریش دووپاتیکردووەتەوە کە تاوەکو کۆتایی وەرزی ئێستا باسی ئەو بابەتە ناکات.
راهێنەرە ئیتاڵییەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "هەموو ئەگەرێک لەئارادایە، دەبێت لە کۆتایی وەرزدا داهاتوومان هەڵسەنگێنین، یان هەرکاتێک بە گونجاومان زانی، هێشتا کێبڕکێ دەکەین بۆ بەدەستهێنانی نازناوە گرنگەکانی وەک لالیگا، جامی شای ئیسپانیا و مۆندیالی یانەکان، بۆیە قسەکردن لەسەر داهاتووم لەم کاتەدا گونجاو نییە. لە کۆتایی وەرزدا قسە دەکەین، نامەوێت ئێستا قسە لەو بارەیەوە بکەم".
لێدوانەکانی کارلیتۆ دەرگای لەسەر پرسیارەکان دانەخست، بەڵکو نادڵنیایی لەدەوری چارەنووسی ستافی تەکنیکی زیاترکرد، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بوونی کۆمەڵێک کێشەی چارەسەرنەکراو بۆ وەرزی داهاتوو.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی، نیکۆ پازی یاریزانی لاوی ئەرجەنتینی کە بەردەوامە لە درەوشانەوە لەگەڵ یانەی کومۆ لە خولی ئیتاڵیا، یەکێکە لەو یاریزانانەی کە سەرۆکی ریال مەدرید دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە ریال مەدرید.
پاز هاوینی رابردوو لەلایەن ریال مەدریدەوە بە کومۆ فرۆشراوە، بەڵام لە گرێبەستەکەیدا مەرجێک دانراوە کە ئەگەر ریال مەدرید بیەوێت یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە مافی پێشینەی دەبێت بۆ کڕینەوەی یاریزانەکە بە 9 ملیۆن یۆرۆ، واتا ئەگەر ریال مەدرید بیەوێت دەتوانێت یاریزانەکە لە کومۆ بکڕێتەوە.
یاریزانە ئەرجەنتینییەکە ئاگاداری ئارەزووی ریال مەدریدە بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ریزەکانی، بەڵام ئەو رۆڵێکی روون بۆ خۆی نابینێت لەنێو تیپەکەدا ئەگەر ئەنچێلۆتی وەرزی داهاتوو وەک راهێنەر لە ریال مەدرید بمێنێتەوە.
میدیاکانی ئیتاڵیا دەڵێن "ئەم بۆچوونەی نیکۆ پاز گەیشتووەتە دەست کارگێڕیی یانەکە، بۆیە دوای بەڕێکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی دەکرێت داوای ئەو یاریزانە بکەن، ئەگەرنا مانەوەی ئەنچێلۆتی واتا رەتکردنەوەی ریال مەدرید لەلایەن نیکۆ پازەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ