رووداو هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە یارییەکانی دوایین گردبوونەوەی قۆناخی کۆتایی خولی نایابی بالەی عێراق لە هۆڵی پێشمەرگەی سلێمانی دەستپێدەکەن و یارییەکان 6 رۆژ دەخایەنێت.
ئەمساڵ یارییەکانی قۆناخی کۆتایی بە بەشداری 5 یانە بوو کە بریتیبوون لە یانەکانی غازی جنووب، هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی، مەسافی شیمال لەگەڵ بەحری.
فیدراسیۆنی بالەی عێراق بۆ دیاریکردنی پاڵەوانی ئەمساڵی عێراق، کێبرکێکانی قۆناخی کۆتایی بەشێوازی 3 گردبوونەوە بەڕێوەدەبات، گردبوونەوەی یەکەم لە بەسرە بوو، گردبوونەوەی دووەم لە هەولێر بوو، ئێستاش گردبوونەوەی سێیەم و کۆتایی لە پایتەختی رۆشنبرییە.
لە دەستپێکی یارییەکانی گردبوونەوەی سێیەمدا دوو یاری ئەنجامدەدرێن، یانەی غازی جنووب ململانێی یانەی بەحری دەکات، لە یارییەکی دیکە کلاسیکۆی هەرێمی کوردستان لە نێوان یانەی هەولێر و یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
یانەی غازی جنووب، کە تیپێکی شاری بەسرەیە 7 جار نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقی بەرزکردووەتەوە، پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکەیە و بەر لە یارییەکانی قۆناخی سێیەم کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاری لە شاری هەولێر کردەوە و تیپەکە راهێنەرەکەی و 10 یاریزانی لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقن.
عەلا خەلەف، راهێنەری یانەی غازی جنووب، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "شاری هەولێر کەش و هەواکەی نزیکە لە سلێمانی کە ئەمە سوودێکی باشی بۆ یاریزانانمان هەبوو، ئێمە تەواو ئامادەین و دەمانەوێت نازناوی وەرزی ئەمساڵ بەواژۆی ئێمە بێت".
هەریەک لە یانەکانی هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی دوو یانەی کوردستانی بەشدارم لە خولی نایابی بالەی عێراق. وەرزی رابردوو یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پلەی دووەمی خولەکەی بەدەستهێنا و یانەی هەولێریش لە پلەی چوارەم هات.
عەلی تەها، کاپتنی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، بۆ رووداوی روونکردەوە "ئەرکمان قورسە لە یاریی یەکەمدا، کلاسیکۆی هەرێمی کوردستان پڕ لە رکابەرییە، بەڵام بە ئامانجی کۆکردنەوەی زۆرترین بردنەوە لەنێو خاک و هاندەرانمان یاری دەکەین".
یانەی غازی جنووب بە برنەوەی 6 یاری لە قۆناخی کۆتایی، پلەی یەکەمی ریزبەندی گرتووە، یانەی هەولێر 5 بردنەوەی هەیە لە پلەی دووەمە، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە پلەی سێیەمە بە بەدەستهێنانی 4 سەرکەوتن، کە دوای کۆتایهاتنی یارییەکانی گردبوونەوەی سێیەم لە شاری سلێمانی پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵ دەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ