دانوستاندنی نێوان مانچێستەر یونایتد و تۆماس توخێل دەستیپێکردووە

22-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مانچێستەر یونایتد تۆماس توخێل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دانوستاندنی لەگەڵ تۆماس توخێلی راهێنەری ئەڵمانیدا دەستپێکردووە کە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، مەشقدانی بایرن میونشن بەجێدەهێڵێت.
 
گۆڤاری 'کیکەر'ی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، دانوستاندنی سەرەتایی لە نێوان توخێل و مان یونایتد ئەنجامدراوە.
 
بەپێی گۆڤارەکە، جیم راتکلیف، پشکداری مانچێستەر یونایتد، لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵ تۆماس توخێل کردووە، ئەگەر یانەکە بڕیاریدا ئێریک تێن هاگ، لە مەشقدانی یونایتد دووربخاتەوە.
 
ئەو گۆڤارە دەڵێ، تۆماس توخێل بیرۆکەکەی رەتنەکردووەتەوە، بەڵام دەیەوێت ئەم ماوەی بیرکردنەوەی لەسەر ئەو یارییانە بێت کەلەگەڵ بایرن میونشن ماوێتی.
 
توخێل لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا یانە ئەڵمانییەکە بەجێدەهێڵێت، پاشئەوەی یانەکە لە جام و خولی ئەڵمانیا لە وەرزی ئەمساڵدا دەستبەتاڵ دەرچوو، باڵادەستیی خۆی بەسەر بۆندێسلیگادا لەدەستدا لە بەرژەوەندیی بایرلیڤەرکوزن.
 
تاکە نازناوی بەردەستی توخێل لەوەرزی ئەمساڵدا لەگەڵ بایرن میونشن، نازناوی چامپیۆنزلیگە کە یانەکە تێیدا گەیشتووەتە قۆناخی پێشکۆتایی و رووبەڕووی ریال مەدریدی ئیسپانی دەبێتەوە.
 
توخێل پێشتر ئاشکرایکردبوو، لە بڕیاری رۆیشتنی لە بایرن پاشگەزنابێتەوە و بایرن میونشنیش تاوەکو ئێستا بەشوێن جێگرەوەی ئەو راهێنەرەدا دەگەڕێت.
 
توخێل گوتبوی، "رێکەوتنم لەگەڵ یانەکە هەیە و کارگێڕییم ئاگادارکردووەتەوە، ئێمە لە دوا هەنگاوەکانی کۆتاییهێنان بەهەموو شتێکداین".
 
ویستی راتکلیف بۆ گۆڕینی راهێنەری ئێستای مانچێستەر یونایتد شتێکی نوێ نییە، ئەو سەرمایەدارە پێشتر ئاماژەی بەوەداوە کە هیچ گرەنتییەک بۆ بەردەوامبوونی تێن هاگ لە وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەکەدا نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە