دەمەقاڵێ لەنێوان ئەنچێلۆتی و ڤینیسیۆسدا روویداوە

رووداو دیجیتاڵ

 

ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەریدا تووشی دەمەقاڵێ بوو، دوای ئەوەی لە یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر بارسێلۆنا گۆڕانکاری پێکرا.
 
ڤینیسیۆس گۆڵێکی بە لێدانی سزا بەرامبەر تیپەکەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بلاوگرانا تۆمارکرد و سەرکردایەتی مێرێنگێی کرد بۆ بردنەوەی رووبەڕووبوونەوە ئاگرینەکە لە بارسێلۆنا، بە ئەنجامی 3-2 کە لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لە قۆناخی 32ـی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەنجامدرا.
 
دەمەقاڵێی نێوان ڤینیسیۆس و ئەنچێلۆتی لە خولەکی 82ـی کلاسیکۆدا دەستیپێکرد، کاتێک راهێنەری ئیتاڵی بڕیاریدا یاریزانە بەرازیلییەکە بگۆڕێت و خۆسێلۆی هێرشبەری ئیسپانی لە شوێنی ئەو یاریزانە بنێرێتە نێو یاریگە.
 
رۆژنامەی ASـی ئیسپانی بڵاویکردەوە، ئەو یاریزانە بەرازیلییە رووبەڕووبوونەوەی زارەکی لەگەڵ ئەنچیلۆتیدا هەبووە، دوای ئەوەی ئەنچێلۆتی بڕیاریداوە لە بەرامبەر بارسێلۆنا گۆڕانکاری پێبکات، ئەویش بەتەواوی لە گۆڕانکارییەکە ناڕازی بووە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری گۆڕانکاری لەسەر بنەمای هەستی ئەنچێلۆتی بووە کە ڤینیسیۆس ماندوو بووە و وزەی تەواو کردووە، بۆیە بڕیاریداوە لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا یاریزانێکی نوێ بخاتە شوێنی، بەڵام یاریزانە بەرازیلییەکە بڕیارەکەی قبوڵ نەکردووە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لەگەڵ بینینی ژمارەکەی لەسەر بۆردی گۆڕینی یاریزانان، ڤینیسیۆس قۆڵەکانی کردووەتەوە و سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لە بڕیارەکەی راهێنەری ئیتاڵی بۆ گۆڕینی لە ساتەکانی کۆتایی یارییەکەدا.
 
هەر کە لە یاریگەکە دەرچوو، یاریزانە بەرازیلییەکە بەرەو کورسی یەدەگ رۆیشت و کەمێک سەری لەقاند و لەگەڵ تێپەڕبوونی بەپێش کارلۆدا جارێکی دیکە قۆڵەکانی کردەوە و داوای روونکردنەوەی لە ئەنچێلۆتی کرد.
 
دوای ئەوە شەڕێکی زارەکی لە نێوان ڤینیسیۆس و راهێنەرە ئیتاڵییەکە روویدا، بەو پێیەی ئەستێرە بەرازیلییەکە بە روونی تووڕەبووە و لە هۆکاری گۆڕینی  تێنەگەیشتووە.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، ئەنچێلۆتی باسی تووڕەیی ڤینیسیۆس لە بڕیاری گۆڕینی کرد و گوتی "ڤینیسیۆس حەزی لە دانیشاندنی نەبوو و ویستی بەردەوام بێت. هێرشبەرەکانمان کۆششێکی زۆریان کردووە و ماندوون، بەتایبەتی دوای دوایین یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی".
 
راهێنەری یانەی ریال مەدرید زیاتر روونیکردەوە "هەمیشە داوا لە هێرشبەران دەکەین بەرگری بکەن و کار بۆ تیپەکە بکەن، ئەوان خێراترینن، هەوڵی هێرشبردن لە قوڵاییەوە دەدەن و هەوڵێکی گەورە دەدەن. تێدەگەم کە ڤینیسیۆس دەیەوێت بەردەوام بێت، بەڵام من دەمویست یاریزانە نوێیەکان بەشداری بکەن".
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، بە درێسی ریال مەدریدەوە 17 یاری بەرامبەر بارسێلۆنا ئەنجام داوە و 10 بەشداریی گۆڵی هەیە، کە 7 جار تۆڕی بارسای هەژاندووە و 3 ئەسیستیشی هەیە.