دێربیی تووڕەیی.. دێربیی یەکلاکردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵیا

 
رووداو دیجیتاڵ

کاژێر 21:45 خولەکی ئەمشەو، نازناوی ئەمساڵی خولی ئیتاڵیا لەبەردەم یەکلاکردنەوەیەکی مێژووییدا دەبێت، ئەگەر لە دێربیی میلانۆدا، ئینتەرمیلان سەرکەوتن بەسەر میلاندا بەدەست بهێنێت.
 
ئەگەرچی لە یارییەکەدا میلان خاوەن یاریگەیە و ژمارەی زۆری هاندەرانی ئامادە دەبن، بەڵام پێناچێ لە یارییەکەدا هیچ رووداوێک لە بەرژەوەندی میلانی خاوەن یاریگە بێت، یارییەکە تێیدا زیاتر سەرنجە لەسەر بردنەوەی ئینتەرمیلان و بەفەرمیی بوون بەپاڵەوانی وەرزی ئەمساڵی خول.
 
ئینتەرمیلان بەر لە یارییەکە 83 خاڵی هەیە و پێشەنگی خولەکەی گرتووە و 14 خاڵ لە نزیکترین رکابەرییەوە دوورە لە میلانە و لە پلەی دووەمە.
 
ئینتەر لەبەردەم مێژوودا
 
ئینتەرمیلان دەیەوێت لە یارییەکەی ئەمشەوەوە هەموو مشتومڕ و ئەگەرێک لەسەر نازناوی ئەمساڵی خولەکە یەکلابکاتەوە. سیمۆنی ئینزاگی و یاریزانەکانی پێویستیان بەبردنەوەی یارییەکە هەیە بۆ ئەوەی لە رووداوێکی مێژوویدا، لەسەر یاریگەی میلانی هاوشاریی و رکابەری سەرەکییان، نازناوەکە لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلابکەنەوە.
 
ئینتەرمیلان ئەمساڵ وەرزێکی ناوازە و ئاستێکی خەیاڵیی پێشکێشكردووە، سەرجەم رکابەرەکانی خۆی تێكشکاندووە و دەیەوێت بەبردنەوە لە میلان، وەرزی ئەمساڵی خولەکە بگەیەنێت خاڵی کۆتایی.
 
ئەگەرچی ئینتەرمیلان لە یارییەکەدا سوود لە تواناکانی خوان کوادرادۆ نابینێت بەهۆی پێکانەوە، بەڵام تیپەکە رووبەڕووی کێشەیەکی ئەوتۆ نابێتەوە.
 
تاوەکو سەر، رکابەریی بەردەوام دەبێت
 
شتیڤن چانگ، سەرۆکی یانەی ئینتەرمیلان بەر لە یارییەکە گوتوویەتی، تاوەکو من لەسەرۆکایەتیی ئینتەرمیلان بم، یانەکە لە رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان بەردەوام دەبێت.
 
چانگ قسەی بۆ رۆژنامەی 'لاگازێتا دیلۆ سپۆرت' کردووە، دەڵێ، "تاوەکو من سەرۆک و خاوەنی ئینتەربم، یانەکە لە رکابەریکردن لەسەر بەرزترین ئاستەکان بەردەوام دەبێت".
 
ئەو سەرۆکە لەبارەی یاریی دێربییەوە گوتوویەتی، "ئێمە ئامادەین بۆ نووسینەوەی مێژوو، نزیکین لەوەی ئەنجامی بدەین، دڵم ئینتەراوییە و راهێنەر و تیپەکە و هاندەرانمان بۆ رووداوەکە ئامادەن".
 
پیۆلی بۆ ماڵەوە
 
دۆڕاندنی دێربیی میلانۆ، تاڕادەیەکی زۆر کۆتایی کاروانی ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری میلان لەگەڵ تیپەکەدا دەنووسێتەوە.
 
میلان ئەمساڵ بەقۆناخێکی خراپدا تێدەپەڕێت لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان.
 
لە چامپیۆنزلیگ، تیپەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ماڵئاواییکرد، پاشئەوەی پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی گرت لە دوای بۆرووسیا دۆرتمۆند و پاریس سانجێرمان.
 
پاشان تیپەکە روویکردە یۆرۆلیگ و لەوێش لە چارەکی کۆتاییدا ماڵئاواییکرد پاش شکست بەرامبەر رۆما لەهەردوو یاریی چوون و هاتن.
 
پیۆلی و یاریزانەکانی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوونەوە، بەتایبەت کە لە یاریی گەڕانەوەدا بەرامبەر رۆما، ئەو تیپە لە خولەکی 30ەوە بە دە یاریزانەوە یارییکرد، بەڵام میلان هیچی پێنەکرا.
 
جیا لە خولی ئیتاڵیا کە میلان هەرزوو ئاڵای سپی تێدا بەرزکردەوە، لە جامی ئیتاڵیاش میلان لە چارەکی کۆتاییدا لەسەردەستی ئاتاڵانتا ماڵئاواییکرد و وەرزێکی سفر بەدەستی هەبوو.
 
میلان ئەمشەو نازناوەکە رادەستی ئینتەر بکات یان نا، پێناچێ چانسێک بۆ بەردەوامبوونی ستیفانۆ پیۆلی لە مەشقدانی میلاندا مابێتەوە، چونکە ئەنجامە خراپەکانی تیپەکە، وایانکردووە وەک میدیاکان دەڵێن، میلان ماوەیەک بێت بەشوێن جێگرەوەی میستەر پیۆلیدا بگەڕێت.
 
لە چەند کاژێری رابردوودا، دەنگۆکان لەبارەی دوورخستنەوەی پیۆلییەوە گەرمتربوون و دەڵێن، شکست لە دێربیی میلانۆدا، ئیدی کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی ستیفانۆیە لەگەڵ میلان.
 
شکستێکی ئازاربەخش
 
ستیفانۆ پیۆلی هیواخوازە ئەو لەکەیە بە کاروانی کارکردنیەوە لەگەڵ میلان نەنووسێت کە دەڵێ، ئینتەرمیلان لە دێربی میلانۆدا نازناوی ئەمساڵی سێری ئای بەدەستهێنا.
 
ئەگەر هەموو شکستێک بۆ میلان بەرامبەر ئینتەرمیلان ئازاربەخش بێت، شکست لە دێربی و دێربییەک کە نازناوی تێدا یەکلابێتەوە، ئازارەکەی زیاتر دەبێت.
 
ستیفانۆ پیۆلی هیواخوازە ئەمشەو رێ لەو دەستکەوتە مێژووییەی ئینتەرمیلان بگرێت. ئەو راهێنەرە دەڵێ، "شانازی، قوربانیدان، پێگیری و بەرپرسیارێتی هەموویان ئەو دەستەواژانەن کە بایەخی ئەم یارییە رووندەکەنەوە".
 
راهێنەری میلان زیاتر دەڵێ، "هەلێکی گەورەمان هەیە بۆ بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو، گرنگ لەبەر چەندین هۆکار، وەک خشتەی خول و دەرچوون لە یۆرۆپالیگ و هەوڵدانی ئینتەر بۆ بوونە پاڵەوان لە یارییەکەی ئەمشەودا".
 
ستیفانۆ پیۆلی زیاتر دەڵێ، "متمانەی زۆرم بەتیپەکەم هەیە، یاریزانەکان دەزانن یارییەکە چەندە گرنگە و چەندە بایەخی هەیە کاتێک بەمتمانەوە یاریی بکەین و خۆمان لە لەدەستدانی هەلەکان بپارێزین".
 
ئەو لە کۆتاییدا زیاتر دەڵێ، "میلانیش شایستەی بردنەوەی نازناوی خول بوو، بەڵام ئێستا زۆر گرنگە هەموو توانای خۆمان خەرج بکەین بۆئەوەی نازناوی خول لە دێربیدا یەکلانەبێتەوە".
 
لەدوایین پێنج دێربیی میلانۆدا، تەنیا یەکجاریش میلان سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە و سەرجەمیان بەسەرکەوتنی ئینتەرمیلان کۆتاییانهاتووە.