هەواڵێکی سەرنجڕاکێش لەبارەی چاڤییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای کرانە دەرەوەیان لە قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و دۆڕانیان لە یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید، ئەگەری هەیە چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، چاڤی هێرناندێز، سەرەڕای ئەوەی بڕیارییداوە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە یانەکە بڕوات، بەڵام ئەگەری هەیە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات و لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت.
 
بەرنامەی بەنێوبانگی "Jijantes" دەڵێت "چاڤی لە قۆناخێکی یەکلاکەرەوەدا دەژیت لەبارەی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە.
 
چاڤی بیر لەوە دەکاتەوە لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت، ئەگەر یانەکە کۆمەڵێک رێکار بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری بگرێتەبەر کە هاوینی رابردوو ئەوە رووینەدا.
 
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، لە کۆتایی وەرزدا جارێکی دیکە گفتوگۆ لەگەڵ چاڤی دەکەنەوە، پاشان بڕیار لەبارەی داهاتووی ئەو راهێنەرەوە دەدەن.
 
بارسێلۆنا لەم وەرزەدا لەرووی ئاستەوە ئاستێکی باشی پێشکێشکرد، بەڵام ئەنجامەکانی لە سەرەتای وەرزدا باش نەبوون، دوای ئەوەش لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر پاریس سانجێرمان دۆڕا و کرایە دەرەوە.
 
شەوی یەکشەممە لە رکابەرییەکانی گەڕی 32ـی لالیگا، بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ دۆڕا، بەمەش جیاوازییەکەیان لەگەڵ ریال مەدرید بووە 11 خاڵ و نازناوەکە بەڕێژەیەکی زۆر لە بەرژەوەندیی یانەی شاهانە یەکلابووەوە.
 
پێشتر کاتێک لەبارەی ئەگەری مانەوەی لە یانەکەدا پرسیار لە چاڤی کرا، ئەو راهێنەرە گوتی "بڕیارەکەم نەگۆڕاوە، بەڵام هەموو رۆژێک لەگەڵ دیکۆ لەبارەی یانەکەوە قسەدەکەین."