چاڤی سوورە لەسەر باسکردنی کێشەی چیمەنی یاریگەکان


رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، سوورە لەسەر دووپاتکردنەوەی ئەو قسانەی پێشتر لەبارەی خراپیی چیمەنی یاریگە و یاریکردن بەرۆژ کردبوونی.
 
چاڤی لەبارەی یاری یانەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە گەڕی 30ی لالیگا قسەیکردووە، ئەو دەڵێ، "یارییەکی ئاڵۆز دەبێت بەرامبەر ئاتلێتیکۆ، لە هەمان کاتیشدا پاڵنەرە بۆ هەمووان.. ریتمی تیپەکەمان کەمێک دابەزیووە و ئەوەش وا دەکات یارییەکە بەهەلێکی باش بزانین بۆ ئەوەی پەرچەکردارێکی باشمان هەبێت، چونکە ئێمە دەمانەوێت نازناوی لالیگا یەکلابکەینەوە".
 
راهێنەری بارسێلۆنا، هەروەها دەڵێ، "ئاتلێتیکۆ مەدرید تیپێکە لە باشترین دۆخدایە لە لالیگا.. ئانتوان گریزمانیش لە دۆخێکی باشدایە و دیێگۆ سیمیۆنی کارێکی نایاب لەگەڵ یانەکەدا دەکات".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، من سەرسامم بە سیمیۆنی و ئەو کارەی لەگەڵ یانەکەی کردوویەتی، راستە بۆچوونمان جیاوازە، بەڵام ئەوەی ئەو دەیکات جێگەی سەرسامییە.
 
چاڤی بۆ یارییەکەی ئاتلێتیکۆ، لامین یامالی یاریزانی لاوی لاماسیای بانگهێشتکردووە کە تەمەنی 15 ساڵە، ئەو دەڵێ، "هەوڵدەدەین هەل بە گەنجەکانمان بدەین.. ئەویش دەتوانێ هاوکاریمان بکات و بەهرەیەکی گەورەی هەیە و کەسایەتییەکەی نایابە".
 
لەبارەی گەڕانەوەی مێسییەوە پرسیار لە چاڤی کراوە، ئەو دەڵێ، ئێمە تەنیا بیر لە یارییەکەمان دەکەینەوە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ، بیر لە وەرزی داهاتوو ناکەینەوە، پێموایە کاتەکە گونجاو نییە بۆ ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە.
 
چاڤی ئاشکرایکردووە کە عوسمان دێمبلی تەنیا یەک هەنگاوی ماوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە تیپەکە و دەست بە یاریکردن بکاتەوە.
 
لەبارەی ئەو رەخنانەی لێیگران کاتێک باسی خراپیی چیمەنی یاریگەی خیتافی کردبوو، چاڤی دەڵێ، "رەخنەم لێدەگیرێت لەسەر هەموو شتێک، ئەمەش بێزارم ناکات. من رای خۆم ناگۆڕم، بەڵێ جارێکی دیکەش دووپاتیدەکەمەوە، کە بەڵێ رۆژ بێزاری کردین و یاریگەکەش هاوکاریی کەسی نەدەکرد و خراپ بوو".