لاپۆرتا هێرشی پێچەوانە دەستپێدەکات

22-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا دۆسێی نیگرێرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، بڕیاریداوە بەرامبەر بە ئەگەری بێبەشکردنی بارسێلۆنا لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان، هێرشی پێچەوانە دەستپێبکات.
 
لاپۆرتا رۆژی پێنجشەممە بەتایبەت گەشتیکردووە بۆ بینینی ئەلیکساندە چێفێرین، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا.
 
بارسێلۆنا لە نێو دوودڵییەکی گەورەدا دەژی، لەبەرئەوەی ئەگەر هەیە بەهۆی دۆسێی ناسراو بە 'دۆسێی نیگرێرا' لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان بێبەش بکرێت، تاوەکو یەکلابوونەوەی یەکجاریی دۆسێی تۆمەتبارکردنی بەپێدانی پارە بە جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا.
 
بارسێلۆنا سوورە لەسەر بێتاوانبوونی لە دۆسێیەکەدا و دەیەوێت ئەوە بۆ بەرپرسانی یوفاش بسەلمێنێت، لە کاتێکدا یانەکە لە رووی داراییەوە دۆخی باش نییە و ناچارە بەرلەدەستپێکردنی وەرزی داهاتووی خولی لالیگا، 200 ملیۆنی دیکە لە مووچەی ساڵانەی یاریزانەکانی کەمبکاتەوە.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، لاپۆرتا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو چووەتە سلۆڤینیا بۆ ئەوەی رووبەڕوو لەگەڵ چێفێریندا کۆببێتەوە و روونکردنەوەی بداتێ لەسەر دۆسێیەکەی نیگرێرا.
 
دۆسێی تۆمەتبارکردنی بارسێلۆنا بەبەرتیلدان بە نیگرێرا، یانەکەی دووچاری دۆخی خراپ کردووە. پەیوەندییەکانی ئەو یانەیە لەگەڵ دەستەی سەرپەرشتیاری لالیگا و یانەی ریال مەدرید بەتەواوەتی تێکچووە. یانەکە گەرچی بۆی هەیە لەسەر ئاستی ئیسپانیا سزا نەدرێت، ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساخ ببێتەوە، چونکە سێ ساڵ بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام یۆفا بەنیازە تاوەکو یەکلابوونەوەی تەواوەتی دۆسێیەکە، بارسێلۆنا لە بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ بێبەش بکات.
 
تاوەکو ئێستا، یۆفا بڕیاری خۆی لەبارەی سزادان یان سزانەدانی بارسێلۆنا رانەگەیاندووە، بەڵام ئەو فیدراسیۆنە لە رێگەی نوێنەرەکانییەوە هاتووەتە نێو دۆسێیەکەوە و لە لێکۆڵینەوە وەرزشییەکان لەسەر رووداوەکە بەشدارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە