ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ دەردەکرێت؟ سەرۆکی یۆفا وەڵامدەداتەوە

رووداو دیجیتال

سەرۆکی یوفا گاڵتە به فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەکات و باسی  چارەنووسی یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر چێلسی لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ دەکات.

ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی یۆفا هێرشی کرده سەر سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و رووی قسەکانی لەو کرد و گوتی "تۆ سەرۆکێکی وەک منت ناوێ؟ ئەمە گەورەترین هاندەری منە بۆ مانەوەم لە شوێنەکەم".

پیاوە سلۆڤینییەکە، گوتیشی "پێرێز سەرۆکێکی دەوێت بە گوێی بکات و لە قسەی دەرنەچێت، هەر شتێکی بوێت بۆی بکات، لە کاتێکدا من هەوڵدەدەم ئەوەی کە پێمباشە بۆ تۆپی پێی ئەوروپا و نێودەوڵەتی ئەنجامی بدەم".

کاتێک پرسیاری ئەوەیان لێکرد کە ئەگەری هەیە ئەو یانانە سزا بدەن کە چوونەتە نێو پڕۆژەی سوپەرلیگ؟ چێفرین گوتی "من لە هەموو یانەکانی ئەوروپاوە پەیامی پشتگیریم پێگەیشتووە، بۆیە ئێستا هیوادارین هەست بە هەڵەکەیان بکەن و بەرگەی دەرئەنجامەکانی بکەن، هەفتەی داهاتوو گفتوگۆی لەسەر ئەو بابەتە دەکەین".

لەسەر ئەگەری ئەوەی رێگە بە ریال مەدرید دەدرێت رووبەڕووی چێڵسی ببێتەوە، لە  قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا؟ چێفرین لە وەڵامدا گوتی "تازە وەرزەکە  دەستیپێکردووە و ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنانەی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ دەگوازنەوە داوای قەرەبوومان لێدەکەن ئەگەر یاریی پێشکۆتایی نەکرێت، بۆیە ئەگەری ئەنجامنەدانی ئەو یارییە زۆر کەمە، بەڵام لە داهاتوودا جیاوازی دەبێت".

سەرۆکی یۆفا ئەو قسانەی سەرۆکی ریال مەدریدی رەتکردەوە، کە گوتبووی چێفرین بەڵێنی بە یانەکانی ئینگلتەرا داوە قازانجێکی دارایی زیاتریان پێبدات بۆ رازیکردنیان بە کشانەوە لە سوپەرلیگ و گوتی "راست نییە، شتی وا نییە". هەروەها گوتیشی "ئەگەر  ملیاران یۆرۆم پێشکەشی ئەو یانانە کردبا داوای لێبوردنیان نەدەکرد، دەچوونە بەرەی دیکە".

چێفرین لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتی "ئەو یانانە بۆیان دەرکەوت کە بەڕاستی هەڵەیان کردووە، پەیوەندیان بە منەوە کردووە، من زۆر رێزیان لێدەگرم، من زیاتر لەوانەی ئەو قسانە دووبارە دەکەنەوە کە بوونیان نییە رێزیان لێدەگرم".