فلۆرێنتینۆ پێرێز: هەڵەیە ئەوەی پێیوابێت سوپەرلیگ کۆتاییهاتووە

22-04-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز سوپەرلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتال

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کادینا سێر، دووپاتیکردەوە کە پاڵەوانێتی سوپەرلیگ کۆتایی نەهاتووە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یانەکان واژۆیان لەسەر گرێبەستێکی پەیوەست کردووە.

لە سەرەتای هەڤپەیڤینەکەوە، پێشکێشکارەکە لێیپرسی، ئێستا بڵێین سەرۆکی ریال مەدرید یان سوپەرلیگ؟ پێرێز لە وەڵامیدا گوتی "نا نا، تەنیا سەرۆکی ریال مەدریدم، ئەوە بەسە!".

سەرۆکی ریال مەدرید، لە سەرەتای قسەکانیدا، گوتی "دوێنێ شەو زۆر سەرقاڵبووین، تاوەکو کاژێر 1ـی شەو لە کۆبوونەوەدابووین، من زۆر نیگەران و بێھیوام، لەوانەیە بیرۆکەی سوپەرلیگمان بەباشی و وەک پێویست بۆ ھەمووان رووننەکردبێتەوە، ھەوڵدەدەم ئێستا باشتر روونیبکەمەوە".

ئەو زیاتر باسی پڕۆژەکەی کرد و گوتی "لەنێو ئەو 12 تیپەی کە نیازی بەشدارییان ھەبوو وەرزی رابردوو ئێمە 650 ملیۆن یۆرۆ قەرزداربووین، ئەم وەرزە دوو قات و سێ قات زیاتر بووە".

زیاتر گوتی "ئێمە نەمانویست خولە ناوخۆییەکان تێکبدەین، تەنیا ویستمان خولێک بۆ شوێنگرتنەوەی چامپیۆنزلیگ دروستبکەین، کە لە راستیدا هاندەران ئێستا بایەخ بەو پاڵەوانێتییە نادەن تاوەکو دەگاتە قۆناخی چارەگی کۆتایی، خولی یانە پاڵەوانەکان کۆن بووە و بەھێز نەماوە، ئێستا دەتوانین بڵێین خولەکە لە چارەگی کۆتاییەوە بەھێزدەبێت و دەستپێدەکات".

پێرێز روونیشیکردەوە کە بێمناتانە و بێ ترس کارەکانی دەکات و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لە یۆفا و فیفا ناترسێت و بە پێشکێشکارەکەی گوت "تۆ ھەڵەی ئەگەر پێتوابێت کە پرۆژەی سوپەرلیگ کۆتاییھاتووە".

ئەو زیاتر لەبارەی یۆفا و لالیگا قسەی کرد و گوتی "من ھەرگیز پێشتر سەرۆکی یۆفا و لالیگام بەمشێوە دووژمنکارانەیە نەدیتبوو بەرامبەرم، دیارە لەگەڵ یەکدی لەسەر ئەوە رێککەوتوون".

سەرۆکی یانەی شاهانە، لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا باسی هەڵوێستی یانەکانی پرێمەرلیگی کرد، کە کشانەوەی خۆیان راگەیاند و گوتی "یەکێک لەو شەش یانە ئینگلیزییە بەتەواوی باوەڕی بە پرۆژەکە نەبوو، وایکرد کە دوودڵییەکە بۆ ھەمووان بگوازێتەوە".

ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "بەرپرسانی مانچێستەر دەستیان بە ھەڵمەتی یاریکردن کرد، گوتیان گوایە بەم خولە کۆتایی بە خولەکانی ناوخۆ دێنین، کەچی شتی وا نەبوو". هەروەها گوتیشی "ھەڕەشە و سووکیاتەییەکی زۆریان پێکردین وەک بڵێی ئێمە تۆپی پێ دەکوژین، نا دەبێت رزگاری بکەین".

لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، پێرێز جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پڕۆژەی سوپەرلیگ بەردەوامە و ئەو 12 یانەیە پەیوەستن بە گرێبەستێک کە واژۆیان لەسەرکردووە و گوتی "12 یانە واژۆیان لەسەر گرێبەستێکی پەیوەست کردووە، ئەگەر ئەم پرۆژەیە سەرنەگرێت، پرۆژەیەکی دیکە سەردەگرێت!". هەروەها گوتیشی "پرۆژەی سوپەرلیگ قابیلی جێبەجێکردنە تەنانەت بەبێ یانە ئەڵمانی و فەرەنسییەکانیش، ئێستاش سەرجەم ئەو 12 یانەیە لە سوپەرلیگ ماون و بەردەوام دەبن".

سەرۆکی ریال مەدرید، روونیکردەوە کە ئەوان لەبەرئەوە ویستوویانە زووتر سوپەرلیگ دەستپێبکەن، چونکە شتەکە بەپەلە بووە، جەختیشی لەسەر ئەوەکردەوە کە تاکە شت کە دەگۆڕێت خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپایە و دەست بۆ خولەکانی نێوخۆ نابەن.

لەبارەی ئەوەی کە ئەو 12 یانەیە پەیوەستن بە هیچ گرێبەستێک کە ناچاربن بەردەوام بن لەگەڵ سوپەرلیگ؟ پێرێز گوتی "گرێبەستەکان واژۆکراون و پەیوەستن، بەڵام ئێمە سکاڵایان لەسەر ناکەین، یانە ئینگلیزەکان نەدەبوو بەمشێوەیە بچنەدەرەوە، ھەوڵدەدەین چارەسەرێک بدۆزینەوە".

سەرۆکی یەکێک لە گەورەتری یانەکانی مێژووی تۆپی پێ، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە کەس ئەوی بەتەنیا جێنەھێشتووە و گوتی "ئێمە تەنیا قسەمانکردووە کە چۆن ئەم پرۆژەیە ببەینە پێشەوە".

ئایا پەیوەندیت بە ناسر خلێفیی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانەوە کردووە؟ ئەمەش پرسیارێکی دیکە بوو؟ کە پێرێز لە وەڵامیدا گوتی "پەیوەندیم بە ناسر خلێفییەوە نەکردووە، من ماوەی 20 ساڵە لەم کارەدام و ھاوڕێی ھەموویانم".

فلۆرێنتینۆ پێرێز، خۆشحاڵی خۆیشی نیشاندا بە بردنەوەی ریال مەدرید لە کادیز و باسی مێرکاتۆی یانەکەیشی کرد و گوتی "بەبێ سوپەرلیگ هیچ یانەیەک ناتوانێت گرێبەستی گەورە بکات".

ئەو گوتیشی "بەبێ سوپەرلیگ گرێبەستکردن لەگەڵ ئێمباپێ و ھالاند مەحاڵە". ئینجا گوتی "ئەگەر گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێ نەکەم کەس نامکوژێت".

پێرێز لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ریال مەدرید بە پارە دەوڵەمەند نییە بەڵکو بە نازناوەکانی دەوڵەمەندە.

لێیان پرسی چیت هەیە بۆ لێدوانەکەی جێرارد پیکێی بەرگریکاری بارسێلۆنا؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "پیکێم خۆشدەوێت، وەک یاریزان خۆشمدەوێت، ئەو و رامۆس نیعمەتێکن لە ئاسمانەوە".

ئینجا لێیانپرسی، یورگن کلۆپ رەخنەی لە یاریگەکەتان ھەبوو گوایە یاریگەی مەشقکردنە تۆ چی دەڵێیت؟ وەڵامەکەی بەمشێوەیە بوو "لە یاریگەی مەشقەکان و لە یاریگەی کیێڤ ئێمە 3 - 1 لێمان بردنەوە". مەبەستی فایناڵی چامیۆنزلیگی 2018 بوو لە کیێڤ.

سەرۆکی ریال مەدرید، بە چاوی بایەخەوە سەیری گردبوونەوەکەی ھاندەرانی چێڵسی نەکردووە، کە لەبارەیەوە گوتی "بە ھەموویانەوە 40 کەس بوون و ئەگەر دەتەوێت ناوی ئەوەشت پێدەڵێم کە ناردبوونی". لێیپرسی کێ بوو؟ لە وەڵامدا گوتی "هەمان ئەو کەسەی درێسی کادیزی لەبەرکردبوو".

پێرێز لێدوانێکی تووندیشی لەبارەی ئەلیکساندەر چێفرینی سەرۆکی یۆفاوە هەبوو، کە گوتی "سەرۆکێکم دەوێت پرۆفیشناڵ و تێگەیشتووبێت، نەک ھێرش بکاتە سەر سەرۆک یانەکان، ئێمە گفتوگۆ دەکەین، ناکرێت لە سەردەمی دیموکراسیدا قسە بە سەرۆکی یانەکان بڵێین".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە