پێکانی یاریزانان باڵی بەسەر دێربی مەدریددا کێشاوە


لەگەڵ ئەو تەنگژیەی ریال مەدرید تێكەوتووە بەهۆی پێكانی چەند یاریزانێكی پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەی، پێش ئەوەی ئەمڕۆ رووبەڕووی ئاتێلتیكۆ مەدریدی هاوسێی بێتەوە، سەرنجەكان لەسەر كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یەكەمی تیپەكە و باشترین یاریزانی جیهان و هەروەها جەیمس رۆدرێگزی ئەستێرەی كۆڵۆمبیی یانەكەن، كە هیواكانی جەماوەری یانەكەیان هەڵگرتووە بۆ رزگاركردنی لەو قۆناخە سەختەدا.

ئەمڕۆ لە دێربییەكی دیكەی مەدرید و لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتەمی چامپیۆنزلیگدا، ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی ئاتلێتیكۆ مەدریدی گرێكوێرەی سەرسەختی دەبێتەوە.

یاریی چوون لە ڤێنسنتی كالدیرۆن و یاریگەی ئاتێلتیدا بەبێ گۆڵ كۆتاییهات، ئەمەش بووە كێشە بۆ تیپەكەی كارلۆ ئانچیلۆتی، كە دەبێت ئەمڕۆ تەنیا بیر لە سەركەوتن بكاتەوە و هیچ بژاردەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نییە.

چاودێران ئەركی مێرنگی بە ئاسان نابینن لە ژێر رۆشنایی دابڕانی چوار یاریزانی سەرەكی تیپەكەی، كە پێكهاتوون لە لوكا مۆدریچ، گاریس بەیڵ، كەریم بن زیما كە پێكانیان هەیە، لەگەڵ مارسیلۆی بەڕازیلی كە كارتی زەردی هەیە.

ئانچیلۆتی، كە ئەزموونداری چامپیۆنزلیگە و پارساڵ نازناوەكەی بردەوە قەڵای شاهانە، پێویستە لەسەری پلانی خۆی بۆ یارییەکە بگۆڕێت و بیر لەوە بكاتەوە جەیمس رۆدرێگز لە شوێنی بەیڵدا یاریی پێبكات.

جەیمس رۆدرێگز لەوەتەی لە پێكانەكەی گەڕاوەتەوە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ریال مەدرید چوار یاری لە لالیگای ئیسپانیادا بردووەتەوە.

رۆدرێگزی كۆڵۆمبی لە یاریی رابردووی یانەكەی، کە بە 3-1 گۆڵ لە مالەگەیان بردەوە، بە ئاستێكی سەرنجڕاكێش دەركەوت، بەتایبەتی دوای ئەوەی گۆڵێكی لە دووری 25 مەترەوە تۆماركرد و لێدانێكی سزاشی بەدەستهێنا.

ئێستاش كە مۆدریچ بەهۆی پێكانەوە دابڕاوە، جەیمس دەتوانێت رۆڵێكی گەورە ببینێت لە دروستكردنی هێرشەكان و پڕكردنەوەی شوێنی یاریزانە كڕواتییەكە.

لەلای خۆیەوە رۆناڵدۆ بە تۆماركردنی گۆڵەكەی لە تۆڕی مالەگە لە شەممەی رابردوودا، ژمارەی گۆڵەكانی گەیاندە 50 گۆڵ لەم وەرزەدا، بەڵام سوپەرستارەكەی مەدرید بەم دواییە بەبێ پاڵپشتیی مۆدریچ و جەیمس، ئاستی پاشەكشەی كردبوو، مەگەر ئەمڕۆ بتوانێت سەروەرییەكی دیكە بۆ خۆی و بۆ لۆس گالاكتیكۆس تۆماربكات و ببێتەوە بە تۆپ ستۆری.

لە بەرەكەی دیكەی مەدریددا، سیمیۆنی و جەنگاوەرەكانی ئاتێلتیكۆ، هەوڵدەدەن سوود لە دابڕانی چوار ئەستێرە سەرەكییەكەی ریال وەربگرن و تۆڵەی خۆیان بكەنەوە، كە لە یاریی فیناڵی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگدا بە ریال مەدرید دۆڕان و خەونی چەند ساڵەی بردنەوەی نازناوە گرانبەهاكەی ئەوروپایان لە چەند چركەیەكدا لێ بووە دێوەزمە.

سیمیۆنی لەم ماوەیەدا زیاتر پشت بە ئەنتوان گریزمانی هێرشبەری فەڕەنسی و خێرای یانەكەی دەبەستێت، كە ئەم وەرزە گۆڵی گرنگ و یەكلاكەرەوەی بۆ تیپەكەی تۆماركردووە، تەنانەت شەممەی رابردوو هەردوو گۆڵی یانەكەی لە تۆڕی لاكۆڕۆنیا تۆماركرد و سەركەوتنی بۆ تیپەكەی مسۆگەركرد.

دێربیی مەدرید، كە ئەمشەو زنجیرەیەكی دیكەی بەردەوام دەبێت، پێدەچێت سیناریۆی ئەمجارەی سەرنجڕاكێش بێت، بەڵام ئەوەی شاراوەیە، دیارنییە كێ دەبێتە پاڵەوانی زنجیرەی ئەمجارە، چونكە كۆمەڵێك كاراكتەر و ئەستێرەی گەورە خۆیان بۆ نمایشكردن ئامادەكردووە.