رووداو دیجیتاڵ
بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو یانەی لیۆنی مەکسیکی مافی بەشداریکردنی لە مۆندیالی یانەکاندا لێ وەرگیرایەوە، لەکاتێکدا چەند مانگێکی کەم ماوە پاڵەوانێتییەکە دەستپێبکات.
مۆندیالی یانەکان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەبەشداریی 32 یانە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، یانەی لیۆنی مەکسیکی یەکێک بوو لەو یانانەی مافی بەشداریکردنی هەبوو، بەڵام فیفا مافەکەی لێ وەرگرتەوە و ئەو تیپە کە خامێس رۆدریگێز یاریی بۆ دەکات، ناتوانێت بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان دەڵێت "بەهۆی ئەوەی یانەکە لەگەڵ یانەی پاچوکای مەکسیکی هەمان خاوەنیان هەیە و دوو یانە کە یەک خاوەنیان هەبێت نابێت بەشداری بکەن، لیۆن لە پاڵەوانێتییەکە دووردەخرێتەوە."
دوورخستنەوەی لیۆن لە مۆندیالی یانەکاندا، لە دوای سکاڵای یانەی لیگا دیپۆرتیڤای کۆستاریکی هات کە مانگی ئەیلوولی رابردوو سکاڵای لەسەر شێوازی بەشداریکردنی یانەکان تۆمارکرد و گوتی "ئێمە شایستەی ئەوەین بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکەین."
تاوەکو ئێستا روون نییە کام یانە لە شوێنی لیۆنی مەکسیکی بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکات، چەندین یانە ناویان دەهێنرێت، بارسێلۆنای ئیسپانی، لیڤەرپوول و ئارسیناڵی ئینگلیزی، ئایاکسی هۆڵەندی، نەسڕی سعودی و چەند یانەیەکی دیکە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە هیچ یەکێک لەو یانانە نابێت و پێدەچێت مافەکە هەر بۆ یانەیەکی ئەمریکای باکوور بێت و ئەگەری هەیە یانەی کلەب ئەمریکا لە شوێنی لیۆن بەشداری بکات.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا ناکات و ئەگەری پێدانی مافی بەشداریکردن بەو یانەیە لە شوێنی یانەی لیۆنی مەکسیکی لاوازە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ