رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، هۆشدارییەکی تووند دەداتە یانە بەشدارەکانی خولی یانە نایابەکانی کوردستان و لەمەودوا هەر یانەیەک ئامادەی یارییکردن نەبێت بۆ خولی پلە دووی کوردستان دادەبەزێنرێت.
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لە راگەیێنراوێکدا بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی راگەیاند و دەڵێت "لەمەودوا هەر یانەیەک کە لە خولی پلە نایابەکانی کوردستان یاری دەکات، ئامادەنەبێت بۆ یارییکردن، دوو پلە دادەبەزێنرێت و دەچێتە خولی پلە دووی کوردستان.
جگە لەوەش ئەو یانەیەی ئامادەی یارییکردن نابێت، بەپێبژاردنی 20 ملیۆن دینار سزادەدرێت.
ئەم بڕیارانەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو بەهۆی دۆخی خراپی یانەکەوە یاریزانانی یانەی برایەتیی شاری هەولێر بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانیان کرد و بۆ یارییەکەشیان بەرامبەر یانەی شێروانە نەچوونە کەلار و شێروانە 3-0 هەژمارکرا.
هەر بەهۆی ئامادەنەبوونیان لەو یارییەدا، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا یانەی برایەتی بە پێبژاردنی 2 ملیۆن دینار سزادرا و لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی، یانەکە دووردەخرێتەوە بۆ خولی پلە دووی کوردستان.
دوای ئەنجامدانی 22 گەڕ لە خولی یانە نایابەکانی کوردستان، یانەی شێروانە بە کۆکردنەوەی 46 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە و سێ خاڵ لە پێشمەرگەی هەولێرەوە دوورە.
یانەی برایەتی، ئێستا لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکە خاوەنی 26 خاڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ