رووداو دیجیتاڵ
لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ژمارەیەکی زۆر یاریزانی لاو نرخیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت، تاوەکو گواستنەوەی هاوینی ئەمساڵ نرخیان زیاتریش بەرزببێتەوە.
ماڵپەری ترانسفێرمارکێتی تایبەت بە بازاڕگەریی یاریزانانی تۆپی پێ، ریزبەندی ئەو یاریزانانەی بڵاوکردووەتەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخیان بەرزبووەتەوە، لە نێو 10 دیارترین یاریزانیش راول ئاسێنسیۆی بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید زیاتر لە هەمووان نرخی بەرزبووەتەوە و لە 7.50 ملیۆن یۆرۆوە نرخی بووەتە 30 ملیۆن یۆرۆ.
ریزبەندی ئەو یاریزانانەی نرخیان بەرزبووەتەوە بەمشێوەیەیە
1- ئەلیکساندەر ئیزاک، ئەستێرەی سوێدی و یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی: لە سەرەتای ئەمساڵ نرخەکەی 75 ملیۆن یۆرۆ بوو، لە سێ مانگی یەکەمدا نرخی یاریزانەکە 25 ملیۆن یۆرۆی چووەتەسەر و بە رێژەی 33.3٪ بەرزبووەتەوە، ئێستا ئیزاکی 25 ساڵ نرخەکەی 100ملیۆن یۆرۆیە.
2- ئیتان نوانێری، یاریزانی تەمەن 18 ساڵی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی: نرخەکەی لە 30 ملیۆن یۆرۆوە بۆ 55 ملیۆن یۆرۆ بەرزبووەتەوە و نرخەکەی 83.3% زیادیکردووە.
3- دیان هیوسن، بەرگریکاری ئیسپانی و یانەی بۆرنمۆوسی ئینگلیزی: تەمەنی 19 ساڵە و لە 18 ملیۆن یۆرۆوە نرخکەی بۆ 42 ملیۆن یۆرۆ بەرزبووەتەوە و لە بازاڕی گواستنەوەدا نرخەکەی 133.3% زیادیکردووە.
4- عەبدوقودیر خوسانۆڤ، بەرگریکاری ئوزبەکستانی و یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی: تەمەنی 21 ساڵە، لە سەرەتای 2025 نرخی یاریزانەکە 12 ملیۆن یۆرۆ بوو، ئێستا ئەو یاریزانە 191.7% نرخەکەی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و بووەتە 35 ملیۆن یۆرۆ.
5- راول ئاسێنسیۆ، بەرگریکاری ئیسپانی و یانەی ریال مەدرید: تەمەنی 22 ساڵە، یاریزانەکە زیاتر لە هەمووان نرخی بەرزبووەتەوە و 300% نرخی ئەم یاریزانە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لە 7.50 ملیۆن یۆرۆوە نرخی یاریزانەکە بووەتە 30 ملیۆن یۆرۆ و چاوەڕواندەکرێت تاوەکو هاوینی ئەمساڵ نرخی یاریزانەکە زیاتریش بەرزببێتەوە.
6- نیکۆ گۆنزالێس، یاریزانی ئیسپانی و یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی: یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی نرخی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەم یاریزانە لە سەرەتای 2025 نرخەکەی 18 ملیۆن یۆرۆ بوو، ئێستا 122.2% نرخەکەی بەرزبووەتەوە و لە بازاڕدا 40 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
7- پێدری، یاریزانی ئیسپانی و ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا: نرخەکەی لە 20% بەرزبووەتەوە و لە 100 ملیۆن یۆرۆوە بووەتە 120 ملیۆن یۆرۆ.
8- لیویس سکێلی، بەرگریکاری لاوی ئینگلتەرا و یانەی ئارسیناڵ: لە 10 ملیۆن یۆرۆوە نرخەکەی بووەتە 28 ملیۆن یۆرۆ 180% نرخەکەی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
9- ڤیتۆر ریێس، یاریزانی بەرازیلی و یانەی مانچێستەر سیتی: تەمەنی 19 ساڵە و نرخکەی 114.3% بەرزبووەتەوە و لە 14 ملیۆن یۆرۆوە نرخەکەی بووەتە 30 ملیۆن یۆرۆ.
10- عومەر مەرمووش، ئەستێرەی میسری و یانەی مانچێستەر سیتی: لە چاو سەرەتای ئەمساڵەوە نرخەکەی 25% بەرزبووەتەوە و لە 60 ملیۆن یۆرۆوە بووەتە 75 ملیۆن یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ