رووداو هەولێر
یەکێتیی یاریی دەستشکاندنەوەی هەولێر لە رێگای ئەنجامدانی ژمارەیەک پاڵەوانێتیی دەیەوێت یارییەکە لەنێو پاڵەوان و وەرزشوانانی پایتەختی کوردستان زیاتر بڵاوبکاتەوە.
یاریی دەستشکاندنەوە بریتییە لە رکابەری دوو یاریزان، کە هەردووکیان دەستیان لەسەر مێز دادەنێن و هەر کامیان بتوانێت دەستی رکابەرەکەی بخات ئەوا براوە دەبێت، ئەو یارییە لە کۆنەوە باوبووە، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی شەش مانگە لقی هەولێری یەکێتیی دەستشکاندنەوەی عێراق دامەزراوە.
لقی هەولێری یەکێتیی دەستشکاندنەوەی عێراق دوای دەستبەکاربوونیان راستەوخۆ خولێکی فێرکاریی یارییەکەیان بۆ ژمارەیەک راهێنەر و پاڵەوانی شاری هەولێر و دەروبەری کردەوە، دواتر پاڵەوانێتییەکیان سازکرد.
جەمال حەربی، سکرتێری لقی هەولێری یەکێتیی دەستشکاندنەوەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "رۆژی 28ـی ئەم مانگە پاڵەوانێتییەک بۆ یاریزانانی سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدەین، دەمانەوێت ئەو یارییە بەشێوەیەکی باش لەنێو وەرزشوانان و خەڵکی بناسێنین و لە شوێنێکی گشتی نمایشەکان بەڕێوەدەچن".
ئامانجێکی دیکەی چالاکییەکانی دەستشکاندنەوە لە هەولێر، تێکەڵبوون و ئەزموون گۆڕینەوەی یاریزانانی هەولێرە لەگەڵ وەرزشوانانی عێراق و وڵاتانی دەرەوە.
حەربی، زیاتر روونیکردەوە "لە مانگی چواری ئەمساڵ پاڵەوانێتیی خانمانی عێراق لە شاری هەولێر ئەنجام دەدەین، دواتر لە مانگی دەی ئەمساڵ میوانداریی پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب دەکەین، تەواوی ئامادەکاریمان کردووە و هەموو دەزگا و لایەنە پەیوەندارەکانمان لەو زنجیرە چالاکییە ئاگادارکردووەتەوە و هەولێر لە ئامادەباشیدایە".
لەسەر ئاستی کوردستان 300 یاریزان یاریی دەستشکانەوە دەکەن و پشکی شێر بەر دەڤەری گەرمیان کەوتووە، شاری هەولێر خاوەنی 50 یاریزانە، کە بڕیارە مانگی شەشی ئەمساڵ پاڵەوانێتیی یاریزانانی کوردستان لە شاری دهۆک ساز بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ