مێژووی ئەرجەنتین لە مارتینێز باشتری تێدا نییە

22-03-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن ئیمیلیانۆ مارتینێز هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە نووسینەوەی مێژووی تایبەت بەخۆی لەگەڵ تانگۆ بەردەوامە، ئەو گۆڵپارێزە لە دوایین یاریی هەڵبژاردەکەدا، تۆمارێکی دیکەی ناوازەی بەناوی خۆیەوە کرد.
 
مارتینێزی گۆڵپارێزی تانگۆی براوەی مۆندیالی 2022ی قەتەر و یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی، یاریی ژمارە 50ی بەدرێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە ئەنجامدا. مارتینێز بووە خاوەنی 36 کلین شیت لەگەڵ هەڵبژاردەکەدا.
 
ساڵانی رابردوو، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەدەست خراپیی گۆڵپارێزەکانییەوە دەیناڵاند. را‌هێنەرانی هەڵبژاردەکە بەردەوام سۆراخی گۆڵپارێزێکی لێهاتوویان دەکرد بۆ ئەوەی دڵنیایی زیاتر بدات لە گۆڵدا، لە کۆتاییدا چارەسەرەکە لە پرێمەرلیگ و لە رێگەی مارتینێزەوە هات.
 
ئیمیلیانۆ مارتینێز، لە ئەکادیمیای ئارسیناڵ پێگەیشتووە، هەرچەندە ئەو ساڵی 2012 وەک گۆڵپارێزێکی پرۆفیشناڵ دەستی بەیارییکردووە، بەڵام درەوشانەوەی دوای ساڵی 2020 بوو، کاتێک گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئاستۆن ڤێلا کرد، ئەستێرەی ئەو گۆڵپارێزە درەوشایەوە و دوای ساڵێک بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بانگێشتکرا.
 
ئیمیلیانۆ مارتینێز دوای چوونی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، مێژووییەکی گەورەی نووسییەوە، ئەو گۆڵپارێزە، لە 50 یاریدا 36 کلینی شیتی کردووە و ئەو رێژەیە بەرزترینە لە مێژووی هەڵبژاردەکەدا.
 
گۆڵپارێزە ئەرجەنتینییەکە لە ماوەی 4 ساڵدا، جامی جیهانیی بردووەتەوە، دووجار نازناوی کۆپا ئەمریکای بەدەستهێناوە و لەگەڵ تانگۆ هەروەها پاڵەوانی جامی فینالیسیماشە.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەگەڵ ئیمیلیانۆ مارتینێز، تەنیا 4 یاری دۆڕاندووە.
 
ئەو گۆڵپارێزە بە ئاستە نایابەکەی، سەرکردایەتی یانەی ئاستۆن ڤێلاشی کردووە بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و بڕیارە لە قۆناخەکەدا رووبەڕووی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە