ڤیدیۆ؛ مێسی خۆی بۆ یەکەم یاریی دوای مۆندیال ئامادەدەکات

رووداو دیجیتاڵ

دوای سێ مانگ لە بردنەوەی نازناوی جامی جیهانی 2022، لیۆنێل مێسی و یاریزانەکانی دیکەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گەڕانەوە نێو مەشقەکانی هەڵبژاردەکە و خۆیان بۆ یارییەکی دۆستانە ئامادەدەکەن.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای بردنەوەی مۆندیال، بەرەبەیانی رۆژی هەینی کاژێر 02:30ـی بەرەبەیان یارییەکی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی پەنەما ئەنجامدەدات، کە دەبێتە یەکەم یاریی فەرمی هەڵبژاردەکە دوای بردنەوەی نازناوی جامی جیهان.
 
ئەرجەنتین بە سەرجەم یاریزانەکانییەوە و لە پێش هەموویانەوە لیۆنێل مێسی خۆی بۆ یارییەکە ئامادەدەکات، ئەم یارییە لە یاریگەی مونومێنتالی تایبەت بە یانەی ریڤەرپلەیت بەڕێوەدەچێت کە 83 هەزار هاندەر دەگرێت و چەند هەفتەیەک لەمەوبەر سەرجەم بلیتەکانی یارییەکە فرۆشراون و هاندەران بە تاسەوە چاوەڕێی یەکەم یاریی هەڵبژاردەکەیان لە دوای مۆندیال دەکەن.
 
دوای یارییەکەی بەرامبەر پەنەما، تانگۆ لە 28ـی ئەم مانگە یارییەکی دیکەی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی کوراچاو ئەنجامدەدات، بەر لەوەی یاریزانەکانی بگەڕێنەوە یانەکانیان بۆ درێژەدان بە رکابەرییەکانی خولە گەورەکانی ئەوروپا.
 
دوو رۆژ لەمەوبەر دوای وەستانی یارییەکانی خولە گەورەکانی ئەوروپا، لیۆنێل مێسی بۆ یەکەمجار لە دوای بردنەوەی مۆندیال گەڕایەوە وڵاتەکەی، لە کاتی گەڕانەوەشی چووەتە چێشتخانەیەک، بەڵام هەزاران هاندەر لەبەردەم چێشتخانەکەدا کۆبوونەوە و رێگریان لە لیۆ کرد بۆ ئەوەی وێنەی لەگەڵ بگرن و ئاهەنگ بگێڕن.