"ناوبژیوانان بارسێلۆنایان لە لالیگای 2014 بێبەشکرد"

رووداو هەولێر 

خۆردی ئەلبا، بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا، ناوبژیوانانی لالیگا بەوە تۆمەتبار دەکات کە دژایەتی بارسایان کردووە و تەنانەت دەڵێت "ناوبژیوانان لە ساڵی 2014 لالیگایان لە بارسێلۆنا دزی". دەشڵێت "هێشتا زۆر شتم ماوە پێشکەشی بکەم".
 
خۆردی ئەلبا، بەرگریکاری باڵی چەپی بارسێلۆنا، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، لەگەڵ تۆڕی کواترۆی ئیسپانیدا، رەتیکردەوە هیچ یاریزانێک ئاگاداری ئەوەبێت کە لەلایەن کارگێڕیی بارسێلۆناوە بەرتیل بە ناوبژیوانان درابێت.
 
بارسێلۆنا رووبەڕووی سزایەکی تووند دەبێتەوە ئەگەر بسەلمێنرێت کە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی پەیوەست بە بەرتیلدانی ناوبژیوانان لە خولی ئیسپانیا و پێدانی بڕە پارەیەک بە جێگری سەرۆکی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانان خۆسێ ماریا ئینریکێز نێگرێرا تێوەگڵاوە، کە یانە کەتەلۆنییەکە دەڵێت بۆ وەرگرتنی راوێژ سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ناوبژیوانان لە ماوەی نێوان ساڵی 2016 تاوەکو 2018 پارەیان بە نێگرێرا داوە.
 
لەم هەڤپەیڤینەدا، ئەلبا باسی لیۆنێل مێسی کرد و گوتی "بیرمە بەیانییەکەی من و هاوژینەکەم بووین، مێسی بە نامە پێیگوتم ئەمڕۆ گرێبەستەکەم لەگەڵ بارسێلۆنا نوێدەکەمەوە، کەچی دوای دوو کاژێر هەواڵەکانم بینی باس لە رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا دەکەن، بەڕاستی تووشی شۆک بووم، دوو خولەک هیچ قسەم نەکرد".
 
پرسیار لە ئەلبا لێکرا، ئایا دەزانی کە بارسێلۆنا تۆمەتبار کراوە بە کڕینی ناوبژیوانان؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "نەخێر، هەرگیز ئەمەم نەزانیوە و هەستم بە هیچ  شتێکی سەیر لە یارییەکانماندا نەکردووە، نەمبینیوە هیچ ناوبژیوانێک لایەنگری ئێمە بکات".
 
ئەلبا لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "لە ساڵی 2014 ناوبژیوانان بارسێلۆنایان لە بردنەوەی نازناوی لالیگا بێبەشکرد، لە دوایین یاریدا ئەگەری بەدەستهێنانی نازناوەکە لەلایەن ئێمەوە هەبوو، ئەنجامی یارییەکەمان 1-1 بوو، مێسی گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، بەڵام بە ناحەق کردیانە ئۆفساید".
 
سەبارەت بە دۆسیەی دەستدرێژی سێکسی دانی ئەلڤێش بۆ سەر خانمێک؟ ئەلبا گوتی "هەواڵەکە تووشی شۆکی کردم کاتێک خوێندمەوە، چونکە هاوڕێیەکی نزیکمە و کاتێکی زۆرم لەگەڵیدا بەسەربردووە لە ژووری جلگۆڕین".
 
لەبارەی داهاتووی لەگەڵ بارسێلۆنا، بەرگریکارە ئیسپانییەکە، گوتی "هێشتا هەست دەکەم لە دۆخێکی زۆر باشدام، بەڵام روونە کە زۆر شت لەبەردەممدا نەماوە بەهۆی بەرزبوونەوەی تەمەنم و بوونی من لە یانەیەکی وەک بارسێلۆنا، بەڵام هەست دەکەم ئامادەم بەردەوام بم لە پێشبڕکێکە و هێشتا چەند ساڵێکم لەنێو چوارگۆشەی سەوزدا ماوە، جا لە کامپ نو بێت یان شوێنێکی دیکە".