نەبوونی فڕۆکە گەشتی هەڵبژاردەی عێراقی بۆ رووسیا دواخست

رووداو هەولێر 

ئەندامێکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئاشکرایکرد، نەبوونی فڕۆکە بووەتە هۆکاری دواخستنی گەشتی هەڵبژاردەی عێراق بۆ وڵاتی رووسیا. 
 
بڕیارە هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاری لە شاری سۆچی لەگەڵ یارییەکی دۆستانە ئەنجام بدات، بڕیاربوو تیپەکە بەسەرپەرشتی خیسۆس کاساس رۆژی 20ـی ئەم مانگە یەکەم یەکەی راهێنانی لەسەر یاریگەکانی رووسیا ئەنجامبدات و یارییەکەش رۆژی 26ةی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت، بەڵام نەبوونی فڕۆکە وایکرد گەشتەکە دوابخرێت. 
 
غالب زاملی، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "دەمانویست لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردەکە بگاتە شاری سۆچی و راهێنان بکەین، بەڵام هێڵی ئاسمانی و فڕۆکە کێشەی بۆمان دروستکرد و گەشتەکەمان بۆ رۆژی هەینی داهاتوو دواخست".
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بەناچاری راهێنانی هەڵبژاردەکەی بردووەتە نێو یاریگەی شەعب لە بەغدا، بەشێوەیەکی فەرمیش نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە بۆ دابینکردنی فڕۆکەیەکی تایبەتی هێڵی ئاسمانی عێراق بۆ گواستنەوەی شاندەکە بۆ وڵاتی رووسیا. 
 
زاملی زیاتر روونیکردەوە "گەشتەکەمان ئامادەکاریی بۆ کراوە و سەرۆک وەزیران ئامادەیی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕیوە، بەهیواین یاریزانانمان ئارام بن و بەشێوەیەکی باش لە یارییەکەمان بەرامبەر هەڵبژاردەی رووسیا دەرکەوین". 
 
هەریەک لە ئوسامە رەشید و ئاسۆ رۆستەم دوو یاریزانی کوردن لە ریزی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق یاریدەکەن، هەریەک لە عەلی عەدنان یاریزانی یانەی رۆبن کازانی رووسی لەگەڵ زێدان ئیقبالی ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی لە ریزی تیپەکەدان. 
 
هەڵبژاردەی عێراق دوای بردنەوەی نازناوی جامی کەندامی 25 لە بەسرە هیوای درێژەدانە بە ئەنجامە باشەکان، کاساسی راهێنەر پلانی گەیشتنی تیپەکەیە بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026 کە خەونێکی لەمێژینەی هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراقە.