مێسی سەری ناوبژیوانێکی خوارد

22-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی یانەی ئینتەرمەیامی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆنکاکاف، سزای بەسەر ناوبژیوانێکی مەکسیکیدا سەپاند، پاشئەوەی ئەو ناوبژیوانە یاریی نێوان هەردوو یانەی ئینتەر مەیامی و سپۆرینگ کانساسی لە قۆناخی شانزەی جامی پاڵەوانانی کۆنکاکاف بەڕێوەبرد.
 
مارکۆ ئانتۆنیۆ ئۆرتێزی مەکسیکی، یاریی نێوان هەردوو یانەکەی بەڕێوەبرد کەبەسەرکەوتنی مێسی و هاوڕێکانی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی هات و لیۆنێل مێسی، تاکە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد.
 
ئەو ناوبژیوانە وەک لە گرتە تەلەڤیزیۆنییەکانی یارییەکەدا دەرکەوتووە، پاش یارییەکە داوای درێسی مێسی کردووە، هەربۆیە رووبەڕووی سزابووەتەوە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆنکاکاف رایگەیاندووە، ناوبژیوانەکەی سزاداوە، بەتایبەت پاشئەوەی یانەی سپۆرتینگ کانساس ناڕەزاییان لە بەرامبەر هەڵسوکەوتەکەی لەگەڵ مێسی دەربڕیوە.
 
یانەی کانساس لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندبوو، پێشبینی پێداچوونەوەی زیاتر بەبابەتەکەدا دەکەین و چاوەڕێی رێوشوێنەکانی لێپێچینەوە دەکەین.
 
ئەو ناوبژیوانە وەکئەوەی دواتر گرتە تەلەڤیزیۆنییەکان روونیانکردووەتەوە، رایگەیاندووە، ئەو داوای درێسی مێسی نەکردووە، بەڵکو داوای واژۆی لەو ئەستێرەیە کردووە بۆ کەسێکی نڤیشکان.
 
فیدراسیۆنەکەی ئەمریکای باکوور، رایگەیاندووە ناوبژیوانەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا وێڕای ئەوەی هەمان شتی دووبارەکردووەتەوە کە داوای درێسی مێسی نەکردووە، داوای لێبوردنیشی کردووە لە هەڵەکەی و ئەو سزایەی قبووڵکردووە کە بەسەریدا سەپێنراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە