یانەی هەولێر چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە

22-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-
رووداو هەولێر 

لە گەڕی شازدەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 16:30 یانەی هەولێر دەبێتە میوانی یانەی نەجەف.
 
یارییەکە لەنێو یاریگەی نەجەفی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، یانەی هەولێر بەر لە یارییەکە بە 24 کاژێر دواین ئامادەکارییەکانی بەسەرپەرشتی حەیدەر عەبدولئەمیری راهێنەر لەنێو یاریگەی دووەمی نەجەف ئەنجامدا. 
 
بەر لە سێ رۆژ یانەی هەولێر بردنەوەیەکی گەورەی بەدەستهێنا دوای ئەوەی یانەی کەربەلای بە ئەنجامی 5-3 گۆڵبارانکرد. 
 
ئیبراهیم قادر، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند" بردنەوە لە کەربەلا زۆر گرنگ بوو، بۆ ئەم یارییەش ئامادەین و بەدروشمی وەرگرتنی 3 خاڵی یارییەکە دەجەنگین".
 
لەم یارییەدا هەریەک لە یاسین سامیە و ئەحمەد مەکەنزی بەهۆی پێکان لەگەڵ ئاکام هاشم بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور ناتوانن لە ریزی درێس زەردەکان یاریی بکەن.
 
قادر زیاتر روونیکردەوە "راستە 3 یاریزانی سەرەکیمان ناتوانن یاریبکەن، بەڵام شوێنگەرەوەی باشمان هەن و دڵنیام بەپێکهاتەیەکی بەهێز دەردەکەوین".
 
یانەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ لە پلەی دوازدەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەی نەجەف هەمان ژمارەی خاڵی هەیە و لە پلەی پازدەمی ریزبەندییە. 
 
هەر ئەمڕۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی ئەمانە بەغدا میوانداری یانەی تەڵەبە دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە