دیبالا هەستی بۆ خولی سعودیە جوڵاوە

رووداو دیجیتاڵ

 

پاولۆ دیبالای ئەرجەنتینی، یاریزانی یانەی رۆمای ئیتاڵی، دەرگای رۆیشتنی بۆ خولی رۆشنی سعودی لە بەردەم یانەکانی ئەو وڵاتەدا کردەوە.
 
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو وەرزە سەختەی یانەکە تووشی دەبێت، گومان لەسەر داهاتووی دیبالا لەگەڵ یانەی رۆما دەستیپێکردووە، چونکە مانگی رابردوو جۆزێ مۆرینیۆ لە یانەکە رۆیشت و دانیێل دی رۆسی جێگەی گرتەوە، کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە لە مانگی حوزەیرانی 2025 کۆتایی دێت.
 
دیبالا لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی کالچیۆ مێرکاتۆی ئیتاڵی، ئاشکرایکرد کە سەرسامە بە خولی سعودیە و گوتی "من هەرگیز سەردانی شانشینی سعودیەم نەکردووە، بەڵام لەوێ ئەزموونێکی زۆر ئەرێنی هەیە، بەڕاستی سەرسامم بە خولیای هاندەران بۆ تۆپی پێ و خۆبەخشییان بۆ ئەم وەرزشە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، پاولۆ گوتی "لە رێگەی تەلەڤزیۆنەوە سەیری زۆر یاریم دەکرد، سەرسام بووم بە ئاستی یاریکردن و خولیای هاندەران، بەو پێیەی هەمیشە یاریگاکان پڕ بوون".
 
ئەستێرەی ئەرجەنتینی، زیاتر گوتی "گەشەی خولی سعودیە لە دوو ساڵی رابردوودا سەرسوڕهێنەر بوو، چ لە رووی یاریزانان و چ لە رووی یانەکانەوە، تەنانەت لە رووی کوالێتی یارییەکانیشەوە".
 
دیبالا ئاماژەی بەوەشکرد "بەڕاستی تۆپی پێ لەلایەن نەوە گەنجەکانەوە خۆشەویستە، جگە لەوەش زۆر لە هاوکارە ئەرجەنتینیەکانم لەوێ یاری دەکەن، زۆرجاریش باسی دەکەن، بەڕاستی یاریکردن لە جامی سوپەری ئیتاڵیا لە سعودیە ئەزموونێکی نوێ بوو بۆ من".
 
لە کۆتاییدا دیبالا گوتی "من ئێستا من یاری بۆ رۆما دەکەم، و خۆم لە رۆما دەبینم، بەڵام بەدڵنیاییەوە خولی سعودیە یەکێکە لە خولە گرنگەکان، لەگەڵ خولی ئەمریکی و خولی ئەوروپا".
 
هێرشبەرە ئەرجەنتینییە تەمەن 30 ساڵەکە، لەم وەرزەدا کەسایەتییەکی سەرەکی پێکهاتەی جیالۆرۆسییە، چونکە راستەوخۆ بەشداریی لە 15 گۆڵدا کردووە لە 23 یارییدا.