رووداو دیجیتاڵ
هەواڵەکانی پەیوەندیکردنی کیلیان ئێمباپێ، بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تا دێت زیاتر دەبن، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "هەموو شتێک تەواو بووە، تەنیا راگەیاندنی فەرمی گرێبەستەکەی ماوە."
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو هاوینی 2029 دەبێت، یاریزانەکە مووچەیەکی کاش لە یانەکە وەردەگرێت کە دەگاتە 14 ملیۆن یۆرۆ، جگە لەوەش چەند پاداشتێکی دیکەی پێدەدرێت کە بەشێوەیەکی گشتی دەگاتە 40 ملیۆن یۆرۆ.
بەپێی بەرنامەی ئێلچێرینگیتۆی ئیسپانی، 100٪ مافی وێنە گرتنەکانی ئێمباپێ لە یانەی ریال مەدرید بۆ یاریزانە فەرەنسییەکە دەبن، بەر لەوەی پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، هەرچەند ئەگەری هەیە رێککەوتن بکرێت 20٪ـی مافی وێنەکانی بۆ یانەی شاهانە بێت و 80٪ بۆ کیلیان بێت.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا لە دەوحە کە هەفتەی رابردوو کراوە گوتوویەتی ئێمباپێ دەچێتە ریال مەدرید و کارەکە بەتەواوی یەکلابووەتەوە.
بەپێی میدیای ئیسپانیا، سێرخیۆ رامۆس، ئەستێرەی ئیسپانی و پێشووی ریال مەدرید پێشنیازی فرۆشتنی ڤێلاکەی لە باکووری مەدرید بۆ ئێمباپێ کردووە و دەیەوێت بیداتە ئەو یاریزانەکە، کە یەکێکە لە گەڕەکە بەنێوبانگەکان و چەندین کەسایەتیی جیاواز لە مۆرالێخا لەوێ دەژین.
میدیای بەرازیل دەڵێت "یانەی پالمێراس پەیوەندیی بە ریال مەدریدەوە کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکلابوونەوەی ئێمباپێ بۆ یانەکە، رێگەبدەن ئێندریک تاوەکو هاوینی 2024 لە یانەکە بمێنێتەوە."
بەڵام فابریزیۆ رۆمانۆ نووسیوویەتی "ئەم هەواڵە راست نییە، هیچ بوارێک بۆ مانەوەی ئێندریک لە یانەی پالمێراس نییە، یانەکەش داوای نەکردووە، چونکە دەزانێت ریال مەدرید قبوڵی ناکات.'
کیلیان ئێمباپێ لەم وەرزەدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 31 یاریی ئەنجامداوە، 32 گۆڵی تۆمارکردووە و 7 ئاسیستی لە 2.619 خولەکدا بۆ هاوڕێکانی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ