ڤیدیۆ؛ مێسی و مەیامی وەرزی نوێی خولی ئەمریکییان بە سەرکەوتن دەستپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

 

مێسی بەیاوەری یاسین سڵاوێکی لە هاندەرانی ئینتەرمەیامی کرد، بەرلەوەی دەست بە وەرزی نوێی خولی ئەمریکی بکات.
 
مەیامی کە میوانداری ریاڵ سەڵت لایکی کرد، هەر زوو لە رێگەی مێسییەوە بە لێدانێکی راستەوخۆ هەڕەشەی لە گۆڵی میوانەکەی کرد، بەڵام بەرگریکارێک رۆڵی گۆڵپارێزی بینی و نەیهێشت گۆڵ ببێت.
 
لە خولەکی سی و نۆدا مێسی پاسێکی جوانی دایە رۆبەرت تایلۆر و ئەویش بەجوانی خستییە تۆڕی تیپی میوانەوە و هاندەرانی مەیامی خستە جۆش و خرۆشەوە.
 
لەنیوەی دووەمدا سەڵت لەیک هەوڵیدا ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بەتایبەتی لە خولەکی حەفتا و دوو لە رێگەی لێدانێکی سەری برایان ڤێراوە، بەڵام لەلایەن درەیک کالاندەری گۆڵپارێزی ئینتەرمەیامییەوە رێگری لێکرا.
 
لە خولەکی هەشتا و سێدا جارێکی دیکە مێسی ئەرکی دروستکردنی هێرشێکی لە ئەستۆ گرت و تۆپەکەی گەیاندە سوارێز و ئەویش خستییە بەر قاچەکانی دیێگۆ گۆمێز و گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی لێبەرهەم هات.
 
جارێکی دیکەش مێسی لە نێوەڕاستی یاریگەوە تۆپەکەی بردە نێو هێڵی سزای بەرامبەر و دەرفەتێکی زێڕین بۆ سوارێز رەخسا، بەڵام  زاک مەکماتی گۆڵپارێز نەیهێشت لویس یەکەم گۆڵی فەرمی خۆی لە خولی ئەمریکیدا تۆمار بکات.
 
دیمەنەکە هەر مێسییە و ئەمجارەش بە کۆشێشکی تاکەکەسی خۆی گەیاندە بەردەم گۆڵی بەرامبەر، بەڵام دیسان زاک رێگری کرد و لیۆ و هاوڕێکانی یەکەم سێ خاڵیان لە وەرزی نوێی خولی گەورەی ئەمریکادا بەدەستهێنا، سەرەڕای ئەوەش وادیاربوو مێسی رازی نییە لە دۆخەکە.