ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. ئینتەرمیلان و مانچێستەر سیتی ئەرکیان ئاسان نییە

22-02-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئینتەرمیلان مانچێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی ختووکەی هەستی ئینتەرمیلان دەدات لە یارییەکەی ئەمشەویدا بەرامبەر پۆرتۆ، بە پلەی یەکەم ئاوڕدانەوەیە لەو راستییە مێژووییەی کە ئەو یانەیە لە ساڵی 2011ەوە نەگەیشتووەتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.. ئەمشەو هەلەکە بۆ ئینتەر رەخساوە هەنگاوێک بە ئاراستەی شکاندنی ئەو تەوقە بنێت.
 
ئینتەرمیلان لە جۆسیپی میاتزا یاریدەکات و گەڕانەوەی رۆمیلۆ لوکاکۆی هێرشبەر، خاڵێکی پۆزەتیڤ دەبێت بۆ ئینتەریستا لەپێناو بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بەرامبەر یانە پۆرتوگالییەکە.
 
ئینتەرمیلان لە پاش دوورکەوتنەوەی زۆری لە ناپۆلی لە ململانێی بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵی سێریا ئەی و بێئومێدبوون لەو نازناوە، تەنیا دوو بەرەی چامپیۆنزلیگ و جامی ئیتاڵیای لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی ئەسپی خۆی تێدا تاوبدات. بەڵام پۆرتۆ رکابەرێکی ئاسان و پاروویەکی چەور نییە لەبەردەمی میلانییەکاندا تاوەکو بە ئاسانی قووتی بدەن.
 
پۆرتۆ جیا لەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەری بە راپەڕین و خۆتاودانە خێراکانی کڵەپ بروج گرت و پێشەنگی کۆمەڵەکەی بەدەستهێنا، لە نێوخۆشدا لە دە یاری رابردوودا تەنیا یەک یەکسانبوونی هەیە و سەرجەم یارییەکانی دیکەی بردووەتەوە، ئەمە وا دەکات بە ورەیەکی بەرزەوە بچێتە رووبەڕووبوونەوەی ئینتەرمیلان و چاوی لەوە بێت، بەر لە یاری گەڕانەوە، ئەنجامێکی باشی هەبێت.
 
یارییەکەی دیکەی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ، مانچێستەر سیتی دەباتە رێدبۆڵ ئارێنا و دەیکاتە میوانی لایپزیگی ئەڵمانی. یارییەکە بۆ مانچێستەر سیتی، سەرەتای تێهەڵچوونەوەیە لەگەڵ نازناوێکدا کە تاوەکو ئێستا حەسرەتێکی گەورەیە و بەدەستنەهاتووە. بەڵام پێناچێ تیپەکەی پێپ گواردیۆلای راهێنەر لە باشترین دۆخی خۆیدا بێت.
 
سیتی کە بەبردنەوە لە ئارسیناڵی پێشەنگی پرێمەرلیگ، هۆشدارییەکی تووندی دایە هەمووان، هەرزوو لەسەرەڕێی بەدەستهێنانەوەی نازناوی پرێمەرلیگدا، دووچاری نووچدانێکی لەناکاو بوو بەرامبەر نۆتێنگهام فۆرێست.
 
ئەوە هەر تەنیا یەکسانبوونەکەی سەرەتای هەفتە نییە دیمەنە گشتییەکەی سیتی تەمومژاوی کردووە، بەڵکو بەشدارینەکردنی ئیمریک لاپۆرت و کیڤن دی برۆین لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا، ئەوەندەی دیکە کێشەکانی تیپەکەی فەیلەسووف قووڵدەکاتەوە، کە پێناچێ ئەرکێکی ئاسانی بەرامبەر لایپزیگی ئەڵمانی هەبێت.
 
لە دەرەوەی یاریگەش تیپەکە تۆمەتبارکراوە بە 100 لادان لە یاساکانی یاری خاوێن لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا و ئەوەش بەدڵنیاییەوە سەرئێشەیەکی دیکەیە و بەرۆکی پێپی گرتووە و بۆی هەیە رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی دەروونیی یاریزانەکانی هەبێت.
 
ئەوەی بۆ تیپەکەی گواردیۆلا کێشەی سەرەکییە، ناسەقامگیری هێڵی بەرگرییەکەیەتی کە وایکردووە گۆڵی تیپەکە کراوە بێت لەبەردەم هێرشی هەڵگەڕاوەی یانەکانی دیکەدا و ئەوەش زۆرجار ئەنجامی یارییەکان لە ژێر دەستی تیپەکە دەردەهێنێت.. ئەگەر ئەو کێشانەی بەرگری لە پرێمەرلیگدا، قەرەبووش بکرێنەوە بەهۆی درێژیی وەرزەکەوە، لە چامپیۆنزلیگدا ماوەی قەرەبوو، یەکجار کەمە.
 
لایپزیگ لای خۆیەوە چاوی لەوەیە ئەمشەو بەئەنجامێکی باشەوە مانچێستەر سیتی بەڕێبکات، بەڵام چەکە کاریگەر و تۆقێنەرەکەی یانە ئەڵمانییەکە، کە کریستۆف نکۆنکۆی هێرشبەری فەرەنسییە، دوای ماوەیەکی درێژ لە پێکان کە سێ مانگی خایاند، سەرەتای ئەم هەفتەیە گەڕایەوە یانەکە، بەڵام وەک مارکۆ رۆزەی راهێنەری رایگەیاندووە، پێناچێ توانای بەشداریکردنی لەسەرەتای یارییەکەوە هەبێت.
 
لایپزیگ لە هیچ کام لەو بەرانەی رکابەرییەکاندا کە بەشدارییان تێدا دەکات خۆی بەدەستەوە نەداوە، لە بۆندێسلیگادا تەنیا چوار خاڵ لە بایرنی پێشەنگەوە دوورە، لە جامی ئەڵمانیادا لە چارەکی کۆتاییە و لە چامپیۆنزلیگیش، بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لەمشەودا، ئومێدی ئەوە بە یانەکە دەدات چاوی لە گەیشتن بە قۆناخی هەشت بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە